کۆلێژی پزیشکی بایلۆر لە ئەمریکا: پلەی گەرمیی بەرز کوالێتیی دەرمانەکان تێکدەدات

رووداو - تەندروستی 

کۆلێژی پزیشكی زانکۆی بایلۆر لە راگەیێندراوێکدا ئامۆژگاری خەڵک دەکات بەوەی دەرمانەکانیان لە شوێنی سەلامەت، دوور لە پلەی گەرمی بەرز و شێی بەرز هەڵبگرن. 
 
لە راگیێندراوەکەی ئەم کۆلێژەدا هاتووە، دانانی دەرمان لە پلەی گەرمی بەرز کاریگەریی دەرمانەکە لاواز دەکات و سوودی تەواوەتی نامێنێت.
 
دکتۆر مایک رێن، پرۆفیسۆر لە پزیشکیی خێزانی دەڵێت، '' کاتێک دەرمان لە شوێنی گەرم هەڵدەگیرێت رەنگە شێوەی دەرەوەی دەرمانەکان وەکو ئاسایی دەربکەون، بەڵام پێکهاتە گرنگەکانی تێکدەچن و کاریگەریان کەمدەبێت''. 
 
بە گوێرەی کۆلێژی پزیشكی زانکۆی بایلۆر لە ئەمریکا، دەبێت دەرمان دوور لە تیشکی رۆژ، لە ژینگەیەکی فێنک و وشک هەڵبگیرێن. 
 
بە پێی دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA، هەردوو پلەی گەرمی زۆر سارد و زۆر گەرم کاردەکەنە سەر کوالێتیی دەرمان، هەر دەرمانێك لەیبڵی تایبەتی هەیە کە پلەی گەرمی گونجاوی لەسەر نووسراوە و بە گشتی پلەی گەرمی 15 بۆ 25 پلەی سیلیزی گونجاوە بۆ هەڵگرتنی دەرمان.