پسپۆڕێکی مێشک و دەمار: خەو و خۆراکی تەندروست هاندەری سەرەکیی بەهێزکردنی توانای مێشکن

رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە بەریتانیا چەند رێگەیەک بۆ پاراستنی تەندروستیی مێشک پێشنیازدەکات و رایدەگەیێنێت، خەو و خۆراکی تەندروست هاندەری سەرەکین بۆ بەهێزکردنی تەندروستی و تواناکانی مێشک.
 
دکتۆر پاتریک پۆرتەر، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە بەریتانیا دەڵێت: ''پاراستنی تەندروستیی مێشک بۆ کارکردنی مەعریفی پێویستە، بەجۆرێک خەوی پێویستی شەوان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان.''  
 
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار روونی دەکاتەوە، خەوتن رێگە بە مێشک دەدات لە ژەهرەکان رزگاری بێت و ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە بەهۆی ئەزبەرکردن و ماندووبوونی رۆژانە تووشی دەبێت، هەروەها دەشڵێت: ''خەوی پێویست یارمەتیدەرێکی نایابە بۆ مانەوەی زانیارییەکانی مێشک و باشترکردنی کارەکانی.'' 
 
بە گوێرەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، کەسانی پێگەیشتوو رۆژانە حەوت بۆ نۆ کاژێر خەویان پێویستە.
 
لەبارەی کاریگەریی چالاکیی جەستەیی لەسەر مێشک دکتۆر پاتریک گوتی: ''چالاکیی جەستەیی بەردەوام یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی رۆیشتنی خوێن بۆ مێشک، بەمەش گەشەی خانە نوێیەکانی مێشک باشتردەکات و تەندروستیی دەپارێزێت.''
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە مرۆڤەکان هەفتانە لانیکەم 150 خولەک وەرزش بکەن و رۆژانە بایەخ بە خۆراکی تەندروست بدەن، لەم بارەیەشەوە پێشنیازدەکات، خۆراکەکانی وەکو 'سەلەموون، توو، گوێز و سەوزەکان' بایەخیان پێبدرێت، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ چەورییە ناتێرەکان، دژە ئۆکسێنەر و ڤیتامینەکان، هەروەها بایەخ بە خواردنەوەی 'چا و قاوە' بە شێوەیەکی سنووردار بدرێت.
 
دەربارەی خواردنی شەکر و شیرەمەنییەکان، پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار دەڵێت: شەکر کاریگەریی نەرێنیی راستەوخۆی لەسەر تواناکانی مێشک هەیە و ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنیدا بکرێت ئەوا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاددەبێت و فەرمانەکانی مێشک لاوازتردەبن، رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش پێشنیازی کردووە کە رۆژانە بڕی یەک کەوچک چا لە هەر یەکێکیان بخورێت.