رووداو - تەندروستی
قایمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای دەکات، لە حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 500 دەرمانخانە، نۆرینگەی لاکۆڵان و تاقیگەیان داخستووە، نوێنەرێکی تەندروستیی قایمقامیەتیش دەڵێت: زۆرینەی سەرپێچییەکان لەلایەن نۆرینگە لاکۆڵانەکانەوە بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 28-1-2025 دکتۆر کاردۆ وەهبی، نوێنەرێکی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا 523 دەرمانخانە، نۆرینگەی لاکۆڵان و تاقیگەیان داخستوون.
بەپێی مەرجەکانی وەزارەتی تەندروستی، نۆرینگەکان بۆیان هەیە 18 جۆری دەرمانی دیاریکراو بفرۆشن، دکتۆر کاردۆ وەهبی دەڵێت: زۆرینەی نۆرینگە لاکۆڵانە سزادراوەکان دەرمانی رێگەپێنەدراویان فرۆشتووە کە زیاتر بووە لە 18 جۆر.
بەگوتەی دکتۆر کاردۆ، نابێت لە نۆرینگە لاکۆڵانەکان دەرمانەکانی دژەبەکتریا، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئازارشکێنە بەهێزەکان بفرۆشرێن.
لەبارەی دەرمانخانە سزادراوەکانیش گوتی، ''زۆرینەیان پزیشکی دەرمانسازی لێنەبووە یاخود دەرمانی قاچاخیان تێدا دۆزراوەتەوە''، لەبارەی تاقیگە سزادراوەکانیشەوە دەڵێت: کەلوپەلی پشکنینی ماوە بەسەرچوویان تێدا دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، لە حەوت ساڵی رابردوودا زیاتر لە 5500 سەردانیان بۆ شوێنە پزیشکییەکان کردووە و 2944 پسوولەی سەرپێچیشیان تۆمارکردووە، هاوکات 523 دەرمانخانە، نۆرینگە، تاقیگە و دووکانی گیادەرمانیش داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ