تەندروستیی هیندستان: ئەمساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان 5% زیادیکردووە

رووداو- تەندروستی 

وەزارەتی تەندروستیی هیندستان لە بڵاوکراوەیەکدا چەند ئامارێکی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان لە وڵاتەکە رادەگەیێنێت، بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکان 5% زیادیان کردووە.
 
تەندروستیی هیندستان روونیدەکاتەوە، لە ساڵی 2020 نزیکەی 98 هەزار و 278 تووشبووی سییەکان تۆمارکراوە، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە 5.2% بەرزبووەتەوە کە دەکاتە یەک ملیۆن و سێ هەزار و 371 تووشبوو.
 
پزیشکانی ئەنجوومەنی توێژینەوە پزیشکییەکانی هیندستان لەبارەی هۆکاری زۆربوونی تووشبوون بە شێرپەنجە دەڵێن: جگەرە، نێرگەلە، کهول، کەمیی چالاکیی جەستەیی، خۆراکی ناتەندروست و پیسبوونی ژینگە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی تووشبووانن بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە.
 
هەروەها ئەنجوومەنەکە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان؛ تاوەکو ساڵی 2025 ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بەرێژەی 12.8% بەرزدەبێتەوە، هەروەها کەسانی تەمەن 40 بۆ 65 ساڵ بە گرووپی مەترسیدار بۆ شێرپەنجەی مەمک و سییەکان دادەنێت.
 
پڕۆفیسۆرێکی زانکۆی کامبریچی بەریتانی دەڵێت: ''زۆرینەی قوربانییانی شێرپەنجەی سییەکان بەهۆی درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکەیانەوە گیانلەدەستدەدەن، یاخود لە قۆناخە گەشەسەندووەکانی شێرپەنجەکەدا هەستیپێدەکەن کە چارەسەکردن مەحاڵبێت.'' 
 
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، شێرپەنجەی سییەکان سێیەم باوترین شێرپەنجەیە لە وڵاتەکە، هەروەها راشیدەگەیێنێت، زۆرینەی ئەوانەی دووچاری شێرپەنجەکە بوون، جگەرەکێشن.