د. جوان مستەفا: 60٪ـی تووشبووانی شێرپەنجەی نەخۆشخانەکانی دیمەشق خەڵکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانن

27-12-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو - تەندروستی

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی وەرزی لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەوامی قوتابخانەکان کرایە پشوو، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت، ڤایرۆسەکە ڤایرۆسێکی ئاساییە و داخستنی قوتابخانەکان تەنیا بۆ ئەوەیە تیمەکانمان رێوشوێنی تەندروستی لە ناوەندەکانی خوێندن بگرنەبەر و دەرمانڕشێنیان بکەن.
 
د. جوان مستەفا، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ماوەی 20 رۆژە ڤایرۆسێکی وەرزی لە رۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەتەوە، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ئەو شوێنانەی گومانیان لێدەکرێت دەڕشێندرێن، بەتایبەت قوتابخانەکان، چونکە منداڵان زیاتر تووشی ئەو ڤایرۆسە دەبن، بۆیەش دەوامی قوتابخانەکان کراوەتە پشوو بۆ ئەوەی تیمەکان کارەکانیان بکەن.
 
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەکردووە، ڤایرۆسی ئار ئێس ئێف ''دەردە سەرمان'' ساڵانە بڵاودەبیتەوە و ڤایرۆسێکی نوێ نییە، بەڵام دوای کۆڕۆنا بە جۆرێکی دیکە پەیدابووە و منداڵان بە تووندی تووشی دەبن.
 
لە جیهاندا کەمتر 1٪ـی خەڵک بەو ڤایرۆسە دەمرن، لە رۆژئاوای کوردستانیش نزیکەی 5 کەس بەو ڤایرۆسە مردوون، کە منداڵی زۆر بچووک بوون و هێشتا نەچووبوونە قوتابخانە. 
 
د. جوان مستەفا گوتی:" ئێستا لە کەرتی تەندروستی کێشەی زۆرمان هەن، بەتایبەت لە دەرمان چونکە ئەو دەرمانانەی دێنە لای ئێمە دەبێت لەڕێگەی حکومەتی سووریاوە بێن، ئەمەش پڕۆسەیەکی ئاسان نییە و کێشەی زۆرە، بودجەیەکی تەندروستی باشیشمان نییە، تا بتوانین هەموو کێشەکانمان چارەسەر بکەین.
 
کێشەی گەورەمان داخستنی دەروازەی سنووری تلکۆچەرە، چونکە لەو رێگەیەوە دەرمان بۆ ئێمە دەهات، ئێستا رێکخراوەکان دەبێت هەموو دەرمانەکان لەڕێگەی شامەوە بنێرن، ئەوەش مەرجی زۆریان لەسەر، بەتایبەتی دەرمانەکانی شێرپەنجە و گورچیلە دەستناکەون و نەخۆشانی ئەو نەخۆشیانە تووشی کێشە دەبن.
 
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەشیخستەڕوو، بەپێی ئامارەکان 60٪ـی ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکانی دیمەشق چارەسەر وەردەگرن خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژئاوای کوردستانن، کە ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەسە.
 
لەبارەی هۆکارەکانی زۆربوونی شێرپەنجە، د. جوان مستەفا گوتی:" هۆکارەکان زۆرن یەکێک لەوانە پاڵاوتنی نەوتە بەشێوەیەکی نەگونجاو، هەروەها ئۆتۆمبێلی کوالێتی خراپ و چەکی جۆراوجۆریش کە لەو ناوچەیە بەکارهاتوون لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا".
 
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت:" بۆردوومانەکانی تورکیا زیانی زۆری لە ناوەندە تەندروستییەکانمان داوە، بە تایبەت لە کۆبانێ چەند نەخۆشخانەیەک کرانە ئامانج، ئێستا جوڵەی ئۆتۆمبیلەکانی فریاکەوتنمان بەهۆی مەترسی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە، زۆر کەمبووەتەوە ئەمەش زیانێکی زۆر لە کەرتی تەندروستی دەدات.''
 
هەروەها دەربارەی مەترسییەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا و کۆلێرا بوونە لە رۆژئاوای کوردستان، د. جوان مستەفا گوتی:" کۆرۆنا هیچ مەترسییەکی لەسەر رۆژئاوای کوردستان نەماوە، کۆلێراش نەماوە و هیچ مەترسییەکی نییە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە