زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا: جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆشایی نێوان ددانەکان فراواندەکات

27-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتەهۆی دروستبوونی بۆشایی نێوان ددانەکان و کەمبوونەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو دەم.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری دامەزراوەی پزیشکانی ددان لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، جگەرەی ئەلیکترۆنی ناڕێکیی ددانەکان دروستدەکات و بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو دەم کەمدەکاتەوە، سەرەنجام مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پووک زیاد دەکات.
 
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی 13 هەزار نەخۆشی چارەسەرکراو بەکارهات کە سەرجەمیان سەروو تەمەن 17 ساڵ بوون، دەرکەوت ئەوانەی جگەرەی ئەلیکترۆنییان بەکارنەهێناوە، بەراورد بەوانەی بەکاریان هێناوە کەمتر بۆشایی لەنێوان ددانەکانیاندا دروستبووە، بەجۆرێک بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی 80٪ ناڕێکی ددانیان هەبووە، بەڵام رێژەکە لەو کەسانەی جگەرەی ئەلیکترۆنییان بەکارنەهێناوە بۆ 60٪ نزمبووەتەوە.
 
دکتۆر کارینا ئیروسا، پرۆفیسۆر لە کۆلێژی پزیشکیی ددان لە زانکۆی بۆستن دەڵێت: ''ئەم توێژینەوەیە مەترسییەکی دیکەی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەسەر بەکارهێنەرانی دەردەخات بەوەی کە رەنگە دووچاری نەخۆشییەکانی دەم و ناڕێکیی ددان ببنەوە.''
 
هەروەها دکتۆر کارینا وەکو سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە بە بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەڵێت: ''ئەگەر جگەرەی ئەلیکترۆنی دەکێشیت، بە دڵنیاییەوە پێویستە بۆ پزیشکەکەت باسی بکەیت، چونکە رەنگە چارەسەرەکان جیاوازبن لەوەی کە بۆ نەخۆشێکی ئاسایی دەکرێت".
 
سەبارەت بە زیانەکانی گیراوەی نێو جگەرە ئەلیکترۆنییەکان، پرۆفیسۆر کارینا دەڵێت: ''گیراوەی نێو جگەرەی ئەلیکترۆنی هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی بەکتریا سوودبەخشەکانی نێو دەم، تەنانەت هانی زۆربوونی بەکتریا زیانبەخشەکانیش دەدات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان.''
 
هەروەها سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیشیدەکاتەوە، زیانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بۆ لەنێوبردنی خانەکانی پووک و دروستبوونی برینی پووک لەگەڵ جگەرەی ئاسایی هاوتایە. 
 
لە کۆتاییدا سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە چەند رێنماییەک بۆ ئەوانەی بەکارهێنەری جگەرەی ئەلیکترۆنین دەخاتەڕوو و دەڵێت: ''پێویستە رۆژانە بە بەکارهێنانی هەویری ددانی فلۆراید ددانەکانیان پاکبکەنەوە، یاخود ساڵانە زیاتر لە دوو جار پشکنینی پووک و ددانەکان بکەن، بێگومان بژاردەیەکی نایابیش دەبێت ئەگەر وازی لێبهێنن.''
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵ بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە ئەمریکا زیاتر لە نۆ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە کە دوو ملیۆنیان مێردمنداڵن.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردنی تووتن لە ئەمریکا دەریخستووە، جگەرەی ئەلیکترۆنی، هاوشێوەی جگەرەی ئاسایی دەبێتەهۆی ئالوودەبوون بە تووتن، هاوکات مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکانیش زیاد دەکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.