وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆڕمێکی هۆشیاری بۆ خێزانی قوتابیان دادەنێت

27-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ هۆشیارکردنەوە و هاوکاریکردنی خێزانی قوتابیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری پەروەردەیی و مامەڵەکردنی دایک و باوکانی قوتابیان، پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی ئی-خێزان (E-xezan) رادەگەیێنێت. 
 
پلاتفۆرمەکە بەشێوەی ئۆنلاین بەردەستە بۆ سەرجەم بەکارهێنەران و هاوکاریی دایک و باوکان دەکات کە هاوتەریب لەگەڵ قوتابخانە، کێشەکانی منداڵەکەیان چارەسەر بکەن، بەجۆرێک پلاتفۆڕمەکە چەندین بەشی وەکو پەروەردەیی، چۆنیەتی مامەڵەیەکی دروست و پاڵپشتیکردنی قوتابیان لە پرۆسەی خوێندن و فێربوونی تێدایە، لەگەڵیشیدا چەندین رێنمایی دەرووندروستی تایبەت بە قوتابیان بۆ هەبوونی دەروونێکی ئارام لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بەردەستن.
 
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی پلاتفۆڕمی ئی-خێزان نزیکبوونەوە و هاوکاریکردنی خێزانە لە دام و دەزگە حکومییەکان لە پەروەردەکردن و رێنوینی کردنی قوتابیان.
 
سامان سیوەیلی دەڵێت: ''ئەگەر دایک و باوکان سەرقاڵیش بن، دەتوانن لەڕێگەی ئەم پلاتفۆڕمەوە بەئاسانترین شێوە زانیاری پێویست بەدەستبهێنن و هۆشیار ببنەوە لە پەروەردەکردنی قوتابییەکانیان.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەش رووندەکاتەوە، پلاتفۆڕمەکە پێکهاتووە لە کۆمەڵێک نامیلکەی دەنگی و نووسراو، کە دایک و باوکە نەخوێندەوارەکانیش دەتوانن گوێی لێبگرن و لەسەر منداڵەکانیان جێبەجێی بکەن، هەروەها دەشڵێت: ''سەرجەم بابەتەکان بەشێوەی جیاواز بۆ قوتابیان، دایکان و باوکان داندراوە کە گرنگترین بابەتەکانی پەروەردەیی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانیان و هاندانیان لەکاتە جیاوازەکانی خوێندن وەکو تاقیکردنەوەکان باسدەکات.
 
سەبارەت بە رێنماییە پەروەردەییەکان بۆ منداڵانی بیرکۆڵ و تووشبووی ئۆتیزم گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''بۆئەوەی خێزانەکانیان بتوانن بە باشترین کوالێتی لایەنی پەروەردە و فێرکردنی منداڵی تووشبووی ئۆتیزم و بیرکۆڵ بەرەو پێشەوە ببەن، پلاتفۆڕمەکە سەرجەم ئەو رێنماییە سەرەتایی و وردانەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی تووشبووی ئۆتیزم و بیرکۆڵی تێدایە.'' 
 
لەبارەی بڵاوکردنەوەی رێنماییە دەرووندروستییەکانی وەزارەتی پەروەردەشەوە دەڵێت: ''ئەوکەسانەی رێنماییە پەروەردەییەکان دادەنێن کەسانی بە ئەزموون و شارەزای بواری دەروونناسین، جگە لەوەش قوتابیان دەتوانن بۆ مەبەستی رێنماییە دەرووندروستییەکان سەردانی رێنماییکاری دەروونی لە قوتابخانەکەیاندا بکەن.''
 
وەزارەتی پەروەردە چوار ژمارەی راگەیێندراوی تایبەت بە کارە ئیدارییەکان، رەخنە، پێشنیاز و سکاڵا بۆ هاووڵاتییان، مامۆستایان و خێزانی قوتابیان بەردەستکردووە بۆ روونکردنەوە و ئاگاداربوون لە سکاڵا و کێشەکانی نێو قوتابخانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.