نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سوودان نزیکەی چوار ملیۆن منداڵ مەترسیی بەدخۆراکییان لەسەرە

رووداو - تەندروستی 

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، قەیرانی مرۆیی لە سوودان خراپتر دەبێت و ملیۆنان کەس پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە. 
 
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەدەکات، قەیرانی مرۆیی لە سوودان بەرەو خراپتر دەچێت و  سێ ملیۆن و 700 هەزار منداڵ لە مەترسیی بەدخۆراکی توونددان.
 
سندووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'یونیسێف' دەریدەخات، ئەستەم دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەکو ئاوی پاک، چاودێریی تەندروستی و شوێنی نیشتەجێبوون هەیە، منداڵان بەهۆی برسێتی لاواز بوون. ئەگەر دۆخەکە بەم زووانە چارەسەرنەکرێت ئەگەری گیانلەدەستدانی ئەم منداڵانە 11 هێندە زیاترە.
 
بە گوێرەی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'UNHCR' و سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان 'UNICEF'، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەوە لە سوودان زیاتر لە 10 ملیۆن کەس ئاوارەبوون.