رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: لە ساڵێکدا 4.9 ملیۆن کەس بە پیسبوونی ژینگە گیانیان لەدەستداوە

رووداو - تەندروستی

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشبینیدەکات، لە ساڵی 2019، 68٪ـی ئەوانەی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەواوە بووە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ئێستا پیسبوونی هەوا بووەتە کێشەیەکی جیهانی و لە وڵاتانی داهات کەم، مامناوەند و دەوڵەمەندەکانیشدا بەدیدەکرێت. 
 
بەپێی WHO، تەنیا لە ساڵی 2019، نزیکەی چوار ملیۆن و 200 هەزار کەس پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکی سەرەکیی هۆکارەکەی بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێنێتەوە بەوەی کە ئەو وردەمادانەی لەنێو هەوای پیسدا هەن هۆکاردەبن بۆ نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
 
رێکخراوەکە ئەوەش باسدەکات کە زۆرینەی قوربانییانی کاریگەرییەکانی پیسیی کەشوهەوا، لە وڵاتە کەمداهات و داهات مامناوەندەکانن.