FDA: بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت، بەساڵاچووان ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرن

رووداو - تەندروستی 

دەزگای خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا پێشنیازی سەرجەم ئەو ڤاکسینانەی ئەنفلەوەنزا دەکات کە پەسندی کردوون دەڵێت: گرووپە مەترسیدارەکان خۆیان بە ڤاکسینەکە بکوتن، چونکە دەشێت ئەو نەخۆشییە ژیانیان بخاتە مەترسییەوە.
 
نوێترین راپۆرتی دەزگای خۆراک و دەرمان FDA لە ئەمریکا ئاشكرای دەکات، لەم وەرزەدا ئەو کەسانەی کە تەمەنیان سەروو 65 ساڵانە یاخود لە گرووپە مەترسیدارەکانن پێویستە قورچکێک ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا وەربگرن، تاوەکو لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکە پارێزراوبن.
 
هەروەها FDA ئاماژە بەوەشدەکات کە ساڵانە پێویستە کوتان بە ڤاکسینەکە نوێ بکرێتەوە، چونکە ڤایرۆسەکە دەگۆڕێت و ساڵانە جۆرێکی نوێی لێ پەیدا دەبێت.
 
گرووپە مەترسیدارەکان بۆ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا و لێکەوتەکانی ئەمانەن؛
 
* کەسانی قەڵەو
* تووشبووانی شێرپەنجە 
* بەساڵاچووان 
* تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ
* تووشبووانی شەکرە 
* تووشبووانی رەبۆ 
* منداڵی خوار 5 ساڵان 
*  خانمانی دووگیان
* تووشبووانی ئەیدز