توێژینەوەیەک: قاوە تەمەن درێژ دەکاتەوە

27-09-2022
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نوێترین توێژینەوەدا کە لەنێو قاوەخۆراندا کراوە، دەرکەوتووە خواردنەوەی دوو بۆ سێ کوپ قاوەی بێ کافایین لە رۆژێکدا، تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 27ی ئەیلوولی 2022 توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری ئەوروپی بۆ خۆپارێزیی دڵ بڵاوبووەتەوە، دەریدەخات خواردنەوەی دوو بۆ سێ کوپ قاوەی بێ کافایین لە رۆژێکدا هۆکارێکە بۆ تەمەن درێژی.
 
پرۆفیسۆر پیتەر کیستلەرم، توێژەر لە دامەزراوەی توێژینەوەی دڵ و شەکرە لە بەیکەر لە میلبۆڕنی ئوسترالیا، کە تویژەری سەرەکیی توێژینەوەکەیە گوتی، "توێژینەوەکە دەریخستووە خواردنەوەی دوو بۆ سێ کوپ قاوەی بێ کافایین لە رۆژێکدا کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە و ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە کەم دەکاتەوە. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن خواردنی قاوەی بێ کافایین بە شێوەیەکی سووک تاوەکو مامناوەند دەبێت بە بەشێک لە شێوازی ژیانێکی تەندروست هەژمار بکرێت."
 
توێژینەوەکە لەسەر 449 هەزار و 563 کەس کراوە کە هیچ نەخۆشییەکی دڵیان نەبووە. تەمەنی مامناوەند 58 ساڵان بووە و 55.3%ـیان لە رەگەزی مێ بوون. بەشداربووان پرسیارێکیان لێکرا کە "رۆژانە چەند کوپ قاوە دەخۆنەوە؟" بە گوێرەی وەڵامەکان بەمشێوەیە بەسەر چەند گرووپێکدا دابەش بوون:
 
- رۆژانە هیچ قاوە ناخۆمەوە
- رۆژانە کەمتر لە یەک کوپ قاوە دەخۆمەوە
- رۆژانە یەک کوپ قاوە دەخۆمەوە
- رۆژانە دوو  بۆ سێ کوپ قاوە دەخۆمەوە
- رۆژانە چوار بۆ پێنج کوپ قاوە دەخۆمەوە
- رۆژانە زیاتر لە پێنج کوپ قاوە دەخۆمەوە
 
بەشێکی دیکە لە بەشداربووان ئاماژەیان بەوە کردووە، خواردنەوەی دڵخوازی وەکو کاپوچینۆ، قاوەی پاڵێوراو، قاوەی بێ کافاین و قاوەی سەفەری دەخۆنەوە.
 
بەگوێرەی ئەنجامەکان، 198,062 کەس کە دەکاتە 44.1%، خواردنەوەی دڵخوازیان هەڵبژاردبوو، 82,575  کەس کە دەکاتە 18.4% قاوەی سەفەرییان هەڵبژاردبوو، 68,416 بەشداربووش کە دەکاتە 15.2% قاوەی بێ کافایینیان هەڵبژاردبوو. هەروەها، 100,510 کەسیش واتە 22.4%یش گوتبوویان قاوە ناخۆنەوە.
 
لە توێژینەوەکەدا تەندروستیی قاوە نەخۆرەوەکان بە قاوەخۆرەوەکان بەراورد کراوە، ئەویش لەڕووی نەخۆشییەکانی ناڕێکیی لێدانی دڵ، دڵ و خوێنبەرەکان و مردن، رێکخستنی تەمەن، رەگەز، ئیتنیک، قەڵەوی، گوشاری خوێن، شەکرە، تەنگەنەفەسی لە کاتی خەودا، دۆخی جگەرەکێشان و خواردنەوەی چا و کحول.
 
توێژینەوەکە ماوەی 12.5 ساڵی خایاندووە، 27,809 کەس 6.2%ی بەشداربووان لە کاتی توێژینەوەکەدا مردوون. لە  توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لەو کەسانەدا کە دوو بۆ سێ کوپ لە رۆژێکدا دەخۆنەوە 14% کەمدەکاتەوە بۆ ئەوانەی قاوەی بێ کافایین دەخۆنەوە، 27%ـە بۆ ئەوانەی قاوەی پاڵێوراو دەخۆنەوە و 11%ش بۆ ئەوانەی قاوەی سەفەری دەخۆنەوە.
 
لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا، ناڕێکیی لێدانی دڵ لە 30,100 دەرکەوت کە قاوەی پاڵێوراو و خێرایان دەخواردەوە، بەڵام لەوانەی کە قاوەی بێ کافاینیان دەخواردەوە، دەرنەکەوت. بەراورد بەو کەسانەی کە قاوە ناخۆنەوە کەمترین مەترسی لەو کەسانەدا دەرکەوت کە رۆژانە چوار بۆ پێنج کوپ قاوەی خێرا یاخود پاڵێوراو دەخۆنەوە.
 
پرۆفیسۆر کیستلیر گوتی، کافایین ناسراوترین پێکهاتەی قاوەیە، بەڵام ئەو خواردنەوەیە زیاتر لە 100 پێکهاتەی چالاکی بایۆلۆژیی تێدایە. پێدەچێت ئەو پێکهاتانەی کە کافایینیان تێدا نییە بەرپرس بووبن لە پەیوەندییە ئەرێنییەکان کە لەنێوان خواردنەوەی قاوە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و تەمەندرێژیدا هەیە. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نابێت خواردنەوەی بڕێکی کەم لە قاوە بە هەموو جۆرەکانیەوە بە ناتەندروست وێنا بکرێت، بەڵکو دەتوانرێت وەکو رەفتارێکی تەندروستی دڵ چێژی لێ وەربگیرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە