رووداو - تەندروستی
لە ئەمریکا کەسێک تووشی ڤایرۆسێکی دەگمەن و کوشندە دەبێت، ''کوشندەیی ڤایرۆسەکە دەگاتە 30٪'' و رێوشوێنی تووند بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە گیراوەتەبەر.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ماساچوسێتس لە ئەمریکا رایدەگەیێنن، نەخۆشییەکە ناوی هەوکردنی مێشکی ئەسپی رۆژهەڵاتییە و هاوشێوەی مەلاریا لە رێگەی مێشوولەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە.
هاوکات ئەوەش ئاشکرادەکەن، تووشبووەکە تەمەنی 80 ساڵە و نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکەی هەیە وەکو 'تا، بێهێزی و سەرئێشە'، لەلایەکی دیکەشەوە هەوکردنی مێشک یەکێکە لە نیشانە تووندەکانی نەخۆشییەکە و بەهۆیەوە دەشێت ژیانی کەسی تووشبوو بکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، رێژەی کوشندەیی نەخۆشییەکە بەرزە و نزیکەی سێیەکی تووشبووان دەمرن، چارەسەریش بۆ نەخۆشییەکە نییە.
ناوەندەکە ئاشکرای دەکات، ئەمە یەکەم تووشبووی نەخۆشییەکەیە لەمساڵدا و هۆشداریش دەدەنە هاووڵاتییان لەوەی کە دژەمێشوولە بەکاربهێنن و لەو شوێنانەی کە مێشوولەی لێیە جلوبەرگی قۆڵدرێژ لەبەربکەن.
ئەم ڤایرۆسە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوزرێتەوە، بەڵام تەنیا بە گازگرتن لە رێگەی مێشوولەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. هاوکات ئاژەڵی تووشبوو بە سەرچاوەی سەرەکیی نەخۆشییەکە دادەنرێت کە مێشوولە تووشدەکات و لەویشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ