فەرمانگەی نیشتمانیی شەکرە لە چین بۆ رووداو: دەستمان کردووە بە کۆنتڕۆڵکردنی قەڵەوی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
پڕۆفیسۆر کای چوون، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی نیشتمانیی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشیی شەکرە لە چین. وێنە: رووداو
پڕۆفیسۆر کای چوون، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی نیشتمانیی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشیی شەکرە لە چین. وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی نیشتمانیی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشیی شەکرە لە چین تایبەت بە رووداو دەڵێت، بە پشکنینی پێشوەختە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک کاری جیدی لەسەر کەمکردنەوەی تووشبوون بە شەکرە دەکەن.
 
پڕۆفیسۆر کای چوون، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی نیشتمانیی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشیی شەکرە لە چین لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، سەرەتا بۆ بەرەوپێشبردن و باشترکردنی تەندروستی؛ پشکنینی پێشوەختە بەرەو پێشەوە دەبەین، ئینجا چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا پڕۆفیسۆر کای چوون دەڵێت: ''بایەخمان بە بیمەی تەندروستی بۆ تووشبووانی شەکرە داوە و پزیشکیی خێزانیمان بۆ دابینکردوون، تاوەکو هەمیشە لەژێر چاودێریی تەندروستیدا بن''.
 
دەقی قسەکانی پڕۆفیسۆر کای چوون، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەرمانگەی نیشتمانیی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی نەخۆشیی شەکرە لە چین؛
 
''نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایێنە سەرەکییەکان، نەخۆشییە درێژخایێنەکانیش بوونەتە نەخۆشییەکی گەورە کە مەترسیی لەسەر تەندروستیی دانیشتووانی چین دروستکردووە. چین هەمیشە بایەخێکی زۆری بە خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایێنەکان داوە، هەروەها ستراتیژییەکی گشتگیری بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشییە درێژخایێنەکان گرتۆتەبەر، کە لە هێڵکاریی پلانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نیشتمانیدا جێگیرکراوە، هەروەها هێڵکاریی پلاندانانی چینێکی تەندروستیش پەیڕەودەکات.''
 
خۆپاراستن و چارەسەری نەخۆشیی شەکرە بەشێکە لە کاری نەخۆشییە درێژخایێنەکان و لەلایەن حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئێمە هەموو خەڵک'' کۆدەکەینەوە بۆ بەشداریکردن. شتێکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە سەرەتا بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستی؛ پشکنینی پێشوەختە بەرەو پێشەوە دەبەین، ئینجا چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە. ئێمە دەستێوەردانی هۆکارەکانی مەترسیش بەهێز دەکەین. بۆ نموونە قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە. وڵاتەکەمان دەستی کردووە بە کارەکانی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی کێش بە مەبەستی خۆپاراستن و کۆنترۆڵکردنی کێشی زیادە و قەڵەوی. چاوەڕوانی بەئاگاهێنانەوەی هۆشیاری هەموو کۆمەڵگا دەکەین، هەروەها بەشداری دەکەین لە کۆنترۆڵکردنی کێشی زیادە و قەڵەوی، هەروەها چاودێریی کەمکردنەوەی نەخۆشییە درێژخایێن و ئاڵۆزەکان دەکەین.''
 
''ئێمە پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشی و دەستێوەردانی گشتگیر بەرەوپێش دەبەین. ئێمە خزمەتگوزاری سەرەتایی تەندروستیی گشتی لە چین ئەنجام دەدەین بۆ پێشکێشکردنی پشکنینی جەستەیی و بەدواداچوون و پەروەردەی تەندروستی بۆ نەخۆشانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە. هەروەها داوا لە کەسانی سەروو ٤٠ ساڵ دەکەین کە  ساڵانە لانیکەم پشکنینی شەکرەی خوێنیان بکەن. ئەو کەسانەشی مێژووی نەخۆشییەکە لە ماڵباتەکانیان هەیە، دەتوانن شەش مانگ جارێک شەکری خوێنیان بپشکنن، بۆ ئەوەی زوو نەخۆشییەکەیان لێدەستنیشان بکرێت و چارەسەرکردنیان ئاسانبێت.''
 
''جگە لەوەش توانای ئاستی بنەڕەتیمان بەهێزتر کردووە بۆ پێشخستنی دادپەروەری و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی خۆپاراستن و چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە. چین لەڕێگەی سیستمی دەرمانی بنەڕەتییەوە ئاسایشی دەرمانی دامەزراوە پزیشکییەکانی بەهێزکردووە، و پێویستە لەگەڵ کەتەلۆگی دەرمانی دامەزراوە پزیشکییە باڵاکان یەکبخرێت. هاوکات زیادکردنی رێژەی پارەی بیمەی پزیشکی دەرەوەی نەخۆشخانە بۆ نەخۆشیی شەکرە، زیاتر کەمکردنەوەی بارگرانیی ئابووریی نەخۆشانی شەکرە. جگە لەوەش گرێبەستمان لەگەڵ پزیشکانی خێزانی نەخۆشانی شەکرە واژۆکرد، کە گرنگیمان بە نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایێنەکانی دیکە دا وەک گرووپی سەرەکیی پزیشکانی خێزان و بایەخمان بە واژۆکردنی گرێبەست و خزمەتگوزارییەکان دا.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە