لە ئەمریکا تووشبوون بە سوورێژە بەراورد بە ساڵی پار، سێ ئەوەندە زیادیکردووە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا رایدەگەیەنێت: رێژەی تووشبووانی سوورێژە لە حەوت مانگی ئەمساڵ نزیکەی سێ ئەوەندە زیاترە بەراورد بە ساڵی 2023.
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان ئاماژە بەوەدەکات، لە 26 ویلایەتی جیاواز زیاتر لە 188 تووشبووی سوورێژە تۆمارکراون، 93 تووشبوو لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون و  زۆرینەیان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵن. 
 
دکتۆر ئیریکا پرۆچاسکا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان دەڵێت، ''رێژەی کوتان لە هەموو شوێنێک کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان هەیە، بەڵام خەڵک وەکو پێویست بەرپرسیارییەتی هەڵناگرێت لە وەرگرتنی ڤاکسین و پێشگیریکردن لەم نەخۆشییانە''.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، سوورێژە نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی گوازراوەیە و تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت، زیاتر لەنێو منداڵان بەربڵاوە و پێنج رۆژ بەر لە دەرکەوتنی نیشانەکان و پێنج رۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان دەشێت بگوازرێتەوە لەڕێگەی کۆکین، پژمین و بەرکەوتن. 
 
بە پێی WHO، تووشبووێکی سوورێژە دەتوانێت نەخۆشییەکە بۆ 90٪ـی کەسانی دەورووبەری بگوازێتەوە، بۆیە دەبێت لانیکەم 95٪ـی دانیشتووانی هەر وڵاتێک ڤاکسینی دژ بەم نەخۆشییەیان وەرگرتبێت.