پار هەزار و 570 تووشبووی ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر تۆمارکراون؛ ڤایرۆسی جگەر جۆری بی باوترینە
رووداو - تەندروستی
بەکارهێنانی تیخە قەدەخەکراوەکان لە نێو سەرتاشخانەکان هۆکارێکن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی جگەر، چونکە یەکیک لە رێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بەکارهێنانی کەلوپەلی پیسبووی کەسی تووشبووە بە ڤایرۆسەکان.
بەشێک لە سەرتاشەکان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نابن و تیخی قەدەخەکراو بەکاردەهێنن، هاونیشتمانییان داوا لەسەرتاشەکان دەکەن، کەلوپەلی تەندروست بەکاربهێنن، بۆئەوەی بەدووربن لە ڤایرۆسە گواستراوەکانی وەکو ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر.
هەژیر حەمەئەمین، هاونیشتمانییەکە و دەڵێت: تیخی سەفەری باشترە، چونکە یەک جار بەکاردەهێندرێت و فڕێ دەدرێت، بەمەش ڤایرۆس و نەخۆشییەکان ناگوازرێنەوە.
سەرتاشەکان لە رێگەی پاکژکەرەوەیەکی ئاساییەوە هەندێک کات شفرە قەدەخەکراوەکان پاکدەکەنەوە، دکتۆر رەوەند محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لەم بارەیەوە گوتی، کەلوپەلی بەکارهاتوو بۆ تووشبووانی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر پێویستە بە ئامێری تایبەت پاکژبکرێنەوە.
دکتۆر رەوەند محەممەد دەشڵێت: ''پاکژکەرەوەی کحول ڤایرۆسەکان لەنێو نابات''.
سەرۆکی لیژنەى سەرتاشخانەکان لە قایمقامیێتی سلێمانی دەڵێت: نزیکەی هەزار و 200 سەردانمان کردووە و 220 تیخی قەدەخەکراومان دەستبەسەرداگرتووە.
پار لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 570 تووشبووی ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر تۆمارکراون، کە 82٪ـیان جۆری Bـیە و نیوەیان رەگەزی نێرن و نیوەکەی دیکە مێن.
سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی لەبارەی ئامارەکانی ئەمساڵی تووشبووانی هەوکردنی جگەر گوتی، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 264 تووشبووی ڤایرۆسی جگەر لە پارێزگاکە تۆمارکراون.