لە کەرکووک بە نەشتەرگەری ناوکی قۆخێک لە گەدەی کەسێکدا دەردەهێندرێت

27-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە کەرکووک کەسێک لەگەڵ خواردنی قۆخێکدا، ناوکەکەشی قوتدەدات، تیمێکی نەخۆشخانەی رزگاری رایدەگەیێنێت، بە نەشتەرگەری ناوکی قۆخەکەیان لە گەدەی ئەو کەسە دەرهێناوە و هۆشداریش دەدرێتە منداڵ و بەساڵاچووان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2024 دکتۆر محەممەد ستار جاف، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاری لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشەکە پیاوێکی 50 ساڵان بوو و بە نائاگایی ناوکی خۆخێکی قوتدابوو و بە نەشتەرگەرییەکی دوو کاژێری ژیانی رزگارکرا.
 
دکتۆر محەممەد ستار جاف، پزیشکی پایەبڵندی نەشتەرگەریی گشتی دەڵێت: ''ناوکی قۆخەکە لەگەدەیدا گیربووبوو و ناچار بە نەشتەرگەری توانرا دەربهێندرێت''، تەنانەت دەشڵێت: پیاوەکە سکئێشەیەکی تووندی هەبووە، بۆیە سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و دەستبەجێ پشکنینیان بۆ کردووە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە روونی دەکاتەوە، ئەو جۆرە حاڵەتە لەئەنجامی خواردنی بەپەلە یاخود کەمجوینی خۆراک دروستدەبێت بەتایبەت لەوانەی کە ددانیان نییە وەکو منداڵ و بەساڵاچووان. 
 
هەر بۆیە دکتۆر محەممەد جاف پێشنیاز دەکات، ''لەکاتی خواردنی ئەو میوانەی ناوکیان هەیە، دڵنیایی هەبێت لە دەرکردنی ناوکەکەی، هەروەها خۆراکە رەقەکانیش بە باشی بجوویێن، تاوەکو هیچ کێشەیەکی هاوشێوە بۆ کۆئەندامی هەرس دروست نەبێت''.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە