توێژینەوەیەک: مادەیەکی نێو شەکرە دەستکردەکان هۆکارێکی شێرپەنجەیە

27-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی ئەمریکی دەریدەخات، شەکرە دەستکردەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکەن.
 
توێژەرانی زانکۆی ویلایەتی نۆرز کارۆلینا ئاشکرای دەکەن، شەکرە دەستکردەکان مادەیەکی کیمیاییان تێدایە کە بۆماوە مادەی DNA تێکدەشکێنێت، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
 
سوزان سکیفمان، پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆکە دەڵێت: ''سوکرالۆز لەنێو شەکرە دەستکردەکان دا هەیە کە ژەهرە بۆ DNA، بەمەش خانەکان تێکدەشکێنێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات''.
 
سوزان سکیفمان گوتی، زۆربەکارهێنانی شەکرە دەستکردەکان ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن، هەستیاری و شێرپەنجە زیاددەکات، تەنانەت گوتیشی، شەکرە دەستکردەکان زیان بە ریخۆڵەکان دەگەیەنن و دەشێت دووچاری هەوکردنی تووندیان بکەن.
 
لەکاتێکدا بەگوێرەی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی، ئەو جۆرە مادە شێرپەنجەییە {سوکرالۆز} لەنێو هەریەک لە 'بنێشت، سۆسی کەباب، مرەبای بێ شەکر، جەلی منداڵان، ئایسکرێمەکان و بەشێک لە خۆراکە لەقوتوونراوەکان' دا هەیە.
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیادەڕۆیی لە خواردنی شەکرە دەستکردەکان نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و ناڕێکیی دەروونی لەسەر بەکارهێنەران دروستدەکات بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە.
 
هەروەها زۆرینەی شەکرە دەستکردەکان ئەسپارتەیمیان تێدایە کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە وەرگرەکانی دەمار و گۆڕینی بارودۆخی دەروونی هەیە و بەکارهێنەران دەشێت تووشی نیشانەکانی وەکو 'بێهێزی، ئازاری ماسوولکەکان، ناڕێکیی خەوتن و هەستکردن بە ماندوویێتی' ببن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە