پزیشکانی خولاو لە بەریتانیا مانگرتنێکی پێنج رۆژی رادەگەیێنن

27-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پزیشکانی خولاو لە بەریتانیا بایکۆتی کار رادەگەیێنن و دەڵێن، ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت، سەندیکای پزیشکانی وڵاتەکەش دەڵێت: ''بەشێکی زۆری پزیشکانی خولاو بەریتانیا جێدەهێڵن''.
 
پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا، جارێکی دیکە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو بایکۆتی کاریان راگەیاند، سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا دەڵێت، پزیشکەکان داوای زیادکردنی مووچەکانیان بە رێژەی 35٪ دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو گوشارەی کە دوای پەتای کۆڤید-19 دووچاریان بووەتەوە.
 
نوێنەرانی پزیشکانی خولاو دەڵێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2024 دەست بە بایکۆتی کار دەکەن و تاوەکو سێشەممە 2ـی تەمووزی 2024 بەردەوامدەبن، ئەوان دەیانەوێت کاتەکانی کارکردنیان کەمبکەنەوە و مووچەی تەواویان پێبدرێت.
 
بە گوێرەی سەندیکای پزیشکانی بەریتانیا، پزیشکانی خولاو بۆ هەر کاژێرێک کارکردن 10 تاوەکو 15 پاوەند وەردەگرن، دکتۆر سومی مانیراجان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پزیشکانی خولاو لە سەندیکاکە رایگەیاند، بەهۆی کەمیی مووچە و ماوەی کارکردنی زۆرەوە، بەشێکی زۆری پزیشکانی خولاو وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن.
 
تەنانەت دکتۆر سومی مانیراجان دەڵێت: ''بەهۆی بایکۆتەکانەوە زۆرێک لە نەخۆشەکان ساڵێکە لە نۆرەدان و چاوەڕێی بینینی پزیشک دەکەن، بەشێکیشیان هەر لە سەرەی نۆرەدا گیانیان لەدەستداوە''.
 
بەپێی ئامارەکانی بەریتانیا، نزیکەی 75 هەزار پزیشکی خولاو و مەشقپێکراو هەن، بەراورد بە ساڵی پار ژمارەی نۆرەگرتن بۆ بینینی پزیشک سێ ملیۆن زیاترە و سەروو 383 هەزار کەسیش زیاتر لە ساڵێکە لە نۆرەی پزیشکیدان.
 
رێکخراوی کۆنسوڵی پزیشکیی گشتیی لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، مووچەی ساڵانەی پزیشکانی خولاو بۆ ساڵی یەکەم نزیکەی 29 هەزار و 380 پاوەندە و بۆ ساڵی دووەم 34 هەزار و 12 پاوەندە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە