رووداو نوێترین زانیاری لەبارەی دۆخی تووشبوو و گومانلێکراوەکانی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی ئاشکرادەکات

27-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار رایدەگەیێنێت، ئێستا دوو کەسی گومانلێکراو و یەکێکی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەکە خەوێندراون، هاوکات دەڵێت: ''هەرسێکیان بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ و گۆشت دا هەبووە''.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2024 د. گۆران محیەدین هەورامی، سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار تایبەت بە رووداو گوتی، دوو گومانلێکراوەکەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بەرکەوتەیان لەگەڵ گۆشتی ئاژەڵ هەبووە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە، بەڵام ئەوەی پشتڕاستکراوەتەوە کە تووشبووە، ئاژەڵدارە و بەشێک لە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر دەرکەوتوون و لەژێر چارەسەردایە.
 
د. گۆران هەورامی دەڵێت: ئەو دوو کەسە گوماناوییە بەرەبەیانی چوارشەممە 26ـی ئەم مانگە هاتوونەتە نەخۆشخانە و نموونەی خوێنیان بۆ تاقیگەی ناوەندی بەغدا نێردراوە تاوەکو ئەنجامی دڵنیاکەرەوە دەربچێت.
 
تەنانەت لە بەشێکی قسەکانیدا د. گۆران هەورامی ئاشکرای دەکات، هەریەک لە دەرمانەکانی ئازارشکێن، کەمکردنەوەی تا و دژەڤایرۆس دەدەن بە هەر تووشبوویێکی تای خوێنبەربوون، باسی نیشانەکانی تووشبووەکەش دەکات کە ''ئازاری جەستە، ئارەقکردنەوە، لەرز، تا، بەرزبوونەوەی هەوکردن و خوێنبەربوون''ـیان هەبووە.
 
ئەوەش رووندەکاتەوە، ئەو تووشبووەی کە پشتڕاستکراوەتەوە خوێنبەربوونی لە کۆئەندامی هەرسی هەیە، چونکە یەکێک لە نیشانە پێشکەوتووەکانی نەخۆشییەکە؛ خوێنبەربوونی ئەندامەکان و خوێنبەربوونی ژێرپێستە.
 
تەنانەت سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی شار ئاماژە بەوەشدەکات، هەر سێ کەسەکە پیاون و لە نەخۆشخانەی شار لە ژووری تایبەت دا جیاکراونەتەوە، تاوەکو چاودێریی تەواویان بکەن، گوتیشی، ''دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان، ئەگەر گومانلێکراوەکانیش تووشبوو بوون ئەوا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنەوە پشکنین بۆ ماڵباتەکانیشیان دەکرێت''.
 
لە کۆتایی قسەکانیدا د،. گۆران هەورامی هۆشیاری دەداتە هاونیشتمانییان، هەمیشە پابەندی رێنوێنییەکانی خۆپارێزی و پێشگیریکردن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بن.
 
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 26ـی حوزەیرانی 2024 تووشبوونی کەسێکی بە تای خوێنبەربوون لە سلێمانی راگەیاند و گوتی، ''تووشبووەکە تەمەنی 33 ساڵە و ئاژەڵدارە''. 
 
بەمەش ژمارەی ئەوانەی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان تووشی پەتاکە بوون، گەیشتە چوار کەس کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
 
خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ
 
- بەکارهێنانی دەستكێش، ماسک و جلوبەرگی تایبەت
- دەستشۆردن 
- نابێت ئەندامانی خێزان کۆببنەوە لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ
- سەرجەم پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراو بخرێتە نێو کیسی داخراو
- پاکژکردنی چەقۆکان دوای سەربڕین بە دەرمانی دژەبەکتریا و دژەڤایرۆس
- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕدرێت بە ''فاست''
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ 24 کاژێر گۆشت لەنێو بەفرگردا هەڵبگیرێت 
- باشترە گۆشت بکوڵێندرێت 
- بەکارنەهێنانی ئەو ئاژەڵانەی گەنە یاخود مێروویان پێوەیە
 
چۆنیەتیی گواستنەوەی تای خوێنبەربوون 
 
- پێوەدانی مێروویەکی تووشبوو بە نەخۆشییەکە 
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە پاشماوە، گۆشت و ئاژەڵی تووشبوو 
- بەرکەوتن بە شلە و پاشماوەی کەسی تووشبوو 
 
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان زیاترە 
 
* ئاژەڵدار 
* گۆشتفرۆش
* کرێکارانی سەربڕخانەکان
* پزیشکی ڤێتێرنەری 
* کابانی ماڵەوە 
* بەرکەوتەی کەسی تووشبوو
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە