پسپۆڕێکی پێست هۆ و چارەسەرەکانی زۆر ئارەقەکردنی دەست ئاشکرادەکات

رووداو – تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست لە ئەڵمانیا چەند هۆ و چارەسەرێک بۆ زۆر ئارەقەکردنی لەپی دەستەکان ئاشکرادەکات و دەڵێت: ''زۆر جار ئارەقەی نێو لەپی دەستەکان دەبێتە شەرمەزاری لەکاتی تۆقەکردندا و دەبێت هۆکاری حاڵەتەکە دەستنیشان بکرێت.''
 
دکتۆر ماریون مۆرس کاربی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست لە ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات، زۆر ئارەقەکردنی لەپی دەست دەشێت هۆکاری دەروونی یاخود هۆکاری نەخۆشییەک بن وەکو 'بەرزەپەستانی خوێن، نەخۆشییەکانی رژێنی پەریزاد (غودە)، شەکرە و خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان (بەرگریی جەستە)'. 
 
بە گوتەی پسپۆڕەکەی پێست، 'ترس، دوودڵی، گوشاری دەروونی و تووڕەبوون' لە هۆیە دەروونییەکانن بۆ ئارەقەکردنی دەستەکان.
 
هاوکات ئاشکرای دەکات، ئەگەر هۆکارەکەی دەروونی بێت، پێویستە پەنا ببرێتە بەر یۆگا و ئەو وەرزشانەی ئاسوودەیی دەبەخشن، یاخود بایەخ بەو خۆراکانە بدرێت کە دەروون دەپارێزن، هەروەها دەشڵێت: ئەگەر کێشە لە ئەندامەکانی جەستە و هۆرمۆنەکان بێت، پێویستە دوای دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پەنا ببرێت بۆ بەکارهێنانی دەرمان.
 
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، زۆر خواردنەوەی کحوول و ناڕێکیی هۆرمۆنەکان، دەشێت ببنەهۆی ئارەقەکردنی لەپی دەست، تەنانەت توێژینەوەیەکی بەریتانیش دەیسەلمێنێت کە نزیکەی 3٪ـی هاووڵاتییانی بەریتانیا گیرۆدەی حاڵەتەکەن. 
 
بە گوێرەی ناوەندە ئەکادیمییە پزیشکییەکان، ئارەقەکردن رێگەیەکی فیسیۆلۆژیی جەستەییە کە پلەی گەرمیی جەستە هاوسەنگ دەکات و پێست دەپارێزێت لە زیندەوەرە وردبینەکانی وەکو بەکتریا، ڤایرۆس و مشەخۆرەکان. 
 
دکتۆر مۆرس کاربی وەکو پسپۆڕێكی پێست گوتی، چەند رێگەچارەیەک بۆ حاڵەتەکە هەن وەکو 'بەکارهێنانی دەرزیی بۆتۆکس، بەکارهێنانی کرێمی ئەلەمنیۆم کلۆراید یاخود نەشتەرگەریی تایبەت'، بەڵام رێگەی دروست ئەوەیە کە لەکاتی هەستکردن بە بێزاری بە حاڵەتەکە، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت و چارەی پێویست بەکاربهێنرێت.