نەخۆشییەکی 'نادیار'ـی جگەر بڵاوبووەتەوە، نزیکەی 200 منداڵ تووشبوون


رووداو دیجیتاڵ 

نەخۆشییەکی "مەترسیداری نادیار" لە نێو منداڵانی ئەمریکا و ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە و تائێستا 200 منداڵی تووشبوو تۆمارکراون کە زیاتر لە منداڵێک بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە. نەخۆشییەکە تووشی جگەر دەبێت و تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری چییە. 
 
تاوەکو ئێستا لانیکەم یەک منداڵ بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەشیان پێویستیان بە چاندنەوەی جگەر بووە، ئەوە بە گوێرەی بەرپرسانی ئەوروپی و ئەمریکی. بەپێی تەندروستیی جیهانیش، نەخۆشییەکە لە هەفتەکانی رابردوو لە زیاتر لە 10 وڵات بڵاوبووەتەوە.
 
نەخۆشییەکە بە جۆرێکە کە منداڵانی تەندروست لەناکاو نەخۆش دەکەون و جگەریان هەودەکات. زەردوویی، سکچوون و سکئێشە بەشێکن لە نیشانەکانی نەخۆشییە نەناسراوەکە. 
 
منداڵانی تەمەن یەک مانگ تا 16 ساڵ تووشی نەخۆشییەکە بوون. 
 
زۆربەی تووشبووان لە ئەوروپان، یەکەمینیان لە کانوونی دووەم لە بەریتانیا تۆمارکرابوو و زۆربەی تووشبووانیش هەر لەو وڵاتەن. لەلایەکی دیکەوە ناوەندی کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە یەکەمین تووشبووی ئەو نەخۆشییە لە ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو تۆمارکراوە. 
 
هەوکردنی جگەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسانەوە روودەدات کە بە ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر ناودەبرێن، بەڵام هیچ یەک لەو ڤایرۆسانە، لە پشکنینی ئەو منداڵانەدا نەدۆزراونەتەوە کە تووشی نەخۆشییە بێناونیشانەکە بوون. 
 
پسپۆڕانی پزیشکیی ئەمریکی دەڵێن پێویستە دایکان و باوکان چاودێریی منداڵە نەخۆشەکانیان بکەن و لە کاتی هەبوونی سکئێشەی تووند، گۆڕانی رەنگی میز بۆ زەردی تۆخ، رەنگی پاشەڕۆ بۆ زەردی کاڵ و زەردبوونی سپێنەی چاو، پزیشک ئاگادار بکەنەوە. 
 
هاوکات بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەش، ژاپۆن یەکەم تووشبووی بەو نەخۆشییە راگەیاند. پسپۆڕانی تەندروستیش لە لێکۆڵینەوەدان بۆ ئەوەی پەیوەندیی ئەو ڤایرۆسە بە کۆرۆنا یان ڤایرۆسی ناسراو بە ئەدینۆڤایرۆس بدۆزنەوە.
 
تەندروستیی جیهانی دەڵێت، چاوەڕوان دەکەن ژمارەیەکی زۆرتری تووشبوو تۆماربکرێن پێش ئەوەی کە هۆکاری نەخۆشییەکە دیاریی بکرێت.
 
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
 
- نیشانەکانی هاوشێوەی تووشبوون بە هەڵامەت
- گەرمەتا
- گێژبوون و رشانەوە
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- هەستکردن بە ماندووێتی
- سکئێشە و ناڕەحەتی
- سکچوون
- گۆڕانی رەنگی میز بۆ زەردی تۆخ
- زەردوویی