رووداو - تەندروستی
سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایدەگەیێنێت، بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی خانەنشینبوون لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی سێ هەزار و 500 کارمەند، پزیشک و کارگوزار لە کەرتی تەندروستی خانەنشین دەبن. ئەو دەڵێت: ''نەخۆشخانەکان چۆڵدەبن''.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-1-2025 جەبار محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بۆ رووداو ئاشکرای کرد، نەخۆشخانەکانی بۆشاییەکی گەورەیان لەڕووی ژمارەی کارمەندانەوە بۆ دروستدەبێت و لەسەر ئەم پرسەش وەزارەتی تەندروستییان ئاگادارکردووە.
جەبار محەممەد دەڵێت: بەهۆی بڕیارە نوێیەکەی خانەنشینبوونەوە؛ بە گشتی نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس لە {پزیشک، کارگوزار و کارمەندانی تەندروستی} خانەنشین دەبن کە زۆرینەیان کارمەندی تەندروستین.
سەرۆکی سەندیکاکە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر دەستبەجێ کارمەندی نوێ دانەمەزرێت، ئەوا بەهۆی بڕیارەکەوە زۆرینەی نەخۆشخانەکان چۆڵدەبن، هەر بۆیە روونی کردەوە کە پێشنیازی دامەزراندن بە هەمیشەیی یاخود بە گرێبەستیان بۆ دەرچووانی دانەمەزراون لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیارێکی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەرکرد، بەپێی بڕیارەکان هەر فەرمانبەرێک تەمەنی ببێتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت جگە لە چەند چین و توێژێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ