لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان: یەک سەنتەری حکومیی ئۆتیزم هەیە و ئێستا داخراوە

27-01-2024
شکار رێبوار
پەرێز ئەحمەد، لێپرسراوی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان . وێنە: رووداو
پەرێز ئەحمەد، لێپرسراوی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان . وێنە: رووداو
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ساڵانە ئاڵنگارییەکانی بەردەم منداڵانی ئۆتیزم زیاددەکەن و لێپرسراوی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا ئاشکرای دەکات، لە سلێمانی تەنیا یەک سەنتەری حکومیی ئۆتیزم هەیە.
 
پەرێز ئەحمەد، لێپرسراوی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ دکتۆر لونا خالید، پێشکێشکاری تەندروستیی رووداو گوتی، تائێستا کوالێتیی سەنتەرەکانی راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم لەئاستی پێویستدا نییە.
 
پەرێز ئەحمەد دەڵێت: لە سلێمانی تەنیا یەک سەنتەری حکومیی ئۆتیزم هەیە و نزیکەی 450 منداڵی ئۆتیزم لە کۆمەڵەکەیان تۆمارکراون لە کاتێکدا 50 بۆ 60 منداڵی ئۆتیزم لە سەنتەری حکومی سوودمەندن کە ئەویش بەهۆی نەبوونی مووچەوە داخراوە.
 
لێپرسراوی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت، سەنتەرە حکومییەکانی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم زیادبکرێن بەتایبەت سەنتەرە پیشەییەکان، چونکە هیچ سەنتەرێک منداڵی سەروو 13 ساڵانی ئۆتیزم وەرناگرێت. 
 
پەرێز روونی دەکاتەوە، بەشێکی زۆری منداڵانی ئۆتیزم مووچەیان نییە و ئەو مووچەیەی بە دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم دەدرێت لە ئاست پێداویستییەکانیان نییە.
 
لە بەشێکی قسەکانیدا ئاماژە بەوەشدەکات، لە هەرێمی کوردستان ژینگەی گونجاو بۆ منداڵانی ئۆتیزم فەراهمنەکراوە، چونکە ژینگەی منداڵی ئۆتیزم گونجاو بێت، کەسانی بەتوانایان لێدەردەچێت و ئەرکیان لەسەر دایک و باوکیان کەمتردەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە