بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولێر: ژمارەی تووشبووانی خەمۆکی زیادبووە
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولێر رایدەگەیێنێت، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دوو باوترین نەخۆشییەکانن کە ئەمساڵ لە نەخۆشخانەکەیان تۆمارکرابن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-12-2024 د. رێدار محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، لەنێو گەنجاندا خەمۆکی زۆرە و یەکێک لە هۆکارەکانیش لاوازیی خزمەتگوزارییە دەرووندروستییەکانە لە ناوەندە تەندروستی و پزیشکییەکان.
د. رێدار محەممەد دەڵێت، دوای خەمۆکی، ئالوودەبوون کێشەیەکی باوی نێو گەنجانە و بەشێکی زۆریان دێنە نەخۆشخانەی دەروونی بۆ چارەسەر.
بەپێی ئەو ئامارانەی نەخۆشخانەکە کە دەست دێسکی تەندروستیی رووداو کەوتوون، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو 7٪ راوێژکاریی گەوران زیادی کردووە، بەجۆرێک لە ساڵی 2023، 13391 کەس بینراون، بەڵام ئەمساڵ 14334 کەس بووە.بە هەردوو راوێژکاریی گەوران و منداڵانیش ئەمساڵ نزیکەی 500 کەس زیاتر لە ساڵی رابردوو بینراون.