رووداو دیجیتاڵ
رووداوە تەندروستییەکانی ساڵی 2020 و پێشبینییەکان لە رووی تەندروستییەوە بۆ ساڵی 2021 لە دیبەتێکی تایبەتی رووداودا تایبەت بە بارودۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆزینەوەی دەرمان و ڤاکسین بۆ ئەو نەخۆشییە تاوتوێ کران. پسپۆڕێکی هەناوی لە بەریتانیا بە دووری نازانێت کە کۆرۆنا ببێتە پەتایەکی وەرزی.
د. هەندرێن سۆران، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و کوێرە رژێنەکان لە بەریتانیا باسی لەوە کرد کە کۆرۆنای گۆڕاو ترسی لەناو خەڵک و دەزگاکانی تەندروستیدا بڵاوکردەوە، زیاتر لەو شوێنانەش بڵاوبووەوە کە کەرەنتینەکەیان بەهێز نەبوو، لە ناوچەکانی لەندەن و ناوەڕاست و خواری بەریتانیا و، حکومەت و دەزگا تەندروستییەکان بە خێرایی ئەو ناوچانەیان خستنە نێو کەرەنتینێکی بەهێزتر بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی بکەن، "چونکە وا پێدەچێت ئەو ڤایرۆسە نوێیە لەناو خەڵکدا خێراتر بڵاوببێتەو، رەنگە خێرا بڵاوبوونەوەشی بۆ ئەو تێکەڵبوونە بگەڕێتەوە کە خەڵکی ئەو ناوچانە هەیانبووە، نەک خودی ڤایرۆسەکە."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی هەناو، ئەوەی تاوەکو ئێستا دڵخۆشکەرە ئەوەیە هیچ شتێک نییە دەریبخات کە ئەو ڤایرۆسە کوشندەترە، بەڵام رەنگە بە خێرایی زیاتر بڵاو ببێتەوە.
د. هەندرێن سۆران، دەڵێت: "تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێن بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوتووین. ئێمە ئێستا شەپۆلی دووەم دەبینین، رەنگە لە ساڵی تازەشدا شەپۆلەکە تووندتر ببێت، بەڵام سیستەمی تەندروستیی ئەو وڵاتە توانیویەتی بە باشی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات، بەڵام ئەمە بەبێ کۆست و قوربانی نەبووە."
د. هەندرێن پێشبینی دەکات لە مانگێ ئادارەوە وردەوردە پەتاکە بەرەو کەمبوونەوە بچێت، بە تایبەت لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی هەناو ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا لە بەریتانیا زیاتر لە 600 هەزار کەس ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و، هیوادارە لە مانگی 4 و 5 ژیان بگەڕێتەوە بۆ جۆرێک لە ئاساییبوونەوە و، گوتیشی: "بە دووریشی نازانم کە ئەو پەتایە ببێتە پەتایەکی وەرزی، لەوانەشە بەشێوەیەکی وەرزی ڤاکسینی کۆرۆنا و ڤاکسینی ئەنفەلەوەنزا پێکەوە لە خەڵک بدرێت، بەڵام هێشتا بۆ ئەو بڕیارە زووە."
هاوکات د. عەبدولغەنی سلێمان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سینگ و کۆئەندامی هەناسە لە رۆژئاوای کوردستان کە یەکێکی دیکە بوو لە بەشداربووانی دیبەیتەکە گوتی، شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنا کە لە مانگەکانی 2 و 3ـدا هات، زۆر بەهێز بوو. پاشان بەرەو سووکی رۆیشت تاوەکو 3 بۆ 4 مانگ بەرەو داکشانێکی زۆر چوو.
د. عەبدولغەنی سلێمان ئاماژەی بەوە دا، شەپۆلی دووەم کە لە مانگی 9دا دەستیپێکرد، لە شەپۆلی یەکەم زۆر بەهێزتر بوو؛ هەم تووشبوون و هەم مردنیش لە شەپۆلی دووەمدا زیاتر بوو.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی سینگ رایگەیاند: "ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان هەم ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و هەم مردن بە کۆرۆنا بەراورد بە دوو مانگی رابردوو زۆر کەمی کردووە. دۆزینەوەی ڤاکسینیش رۆڵی لە کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشییەدا هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ڤاکسینەمان بە دەست نەگەیشتووە. هیوادارین لە رێگەی رێکخراوەکانەوە ئەو ڤاکسینەمان بە دەست بگات."
بەشداربوویەکی دیکەی دیبەیتەکە پرۆفیسۆر مەحموود ئیلهان لە ئامەدی باکووری کوردستان بوو و ئەوەی خستەڕوو کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر و تاوەکو مانگی 6 دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدابووە، بەڵام دواتر کە شەپۆلی دووەم هاتووە رەوشەکە بەرەو خراپی رۆیشتووە، نەخۆشخانەکان پڕبوون و مردن زیادیکردووە، حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆناش لە هەڵکشاندابوون.
پرۆفیسۆر مەحموود ئیلهان گوتی: "بە داخەوە وەزارەتی تەندروستیی تورکیا هەندێک راستیی شاردەوە. ئەمە بووە مایەی رەخنەی چەندین دەوڵەتیش کە ژمارەی تووشبووانیان بە دروستی بڵاو نەدەکردەوە، واتە ئەوانەی پشکنینەکانیان ئەرێنی بوو. تەنیا ئەوانەیان ئاشکرا دەکرد کە بەهۆی کۆرۆناوە نەخۆش دەکەوتن، بەڵام دواتر نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا پڕبوون لە نەخۆش. بەڵام ماوەی 4 هەفتە دەبێت رەوشەکە بەراورد بە رابردوو باشترە."
تورکیا گرێبەستی کڕینی ڤاکسینی لەگەڵ کۆمپانیای ڤایزەر و هاوکات سینۆڤاکی چینی کردووە، بڕیار وایە دوای سەری ساڵ لە تورکیا دەست بە وەرگرتنی ڤاکسین بکرێت.
هەروەها د. عەبدولڕەحیم ئەفخەمزادە، پزیشکی پسپۆڕی بەرگری و تەندروستیی گشتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدار بوو و رایگەیاند: "جیاواز لە وڵاتانی دیکەی جیهان کە دوو شەپلی کۆرۆنایان بە خۆیانەوە بینی، ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سێ شەپۆلی کۆرۆنایان بەخۆیانەوە بینی. شەپۆلی یەکەم لە کۆتایی زستانی رابردوودا بوو تاوەکو سەرەتای بەهار. دوای کەرەنتینە دۆخەکە کۆنترۆڵکرا. دووبارە لە هاویندا شەپۆلێکی دیکە رووی تێکردینەوە. لە زستانیشدا شەپۆلێکی دیکە رووی تێکردین کە لە هەردووکیان تووندتر و بەهێزتربوو."
ئەو پسپۆڕەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئێستا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رێژەکە رووی لە کەمیکردووە، ئومێد هەیە ئەگەر ئەو پابەندبوونە هەر هەبێت، بەو شێوەیە بەردەوام بێت.
بۆ بەدەستهێنانی ڤاکسین ئێران لە 3 بواردا لەگەڵ کۆمپانیاکان هەنگاوی ناوە. هاوکات بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ دروستکردنی ڤاکسینی ئێرانی پرۆژەی ڤاکسینی نێوخۆیشی هەیە.
لەبارەی پشیبینیان بۆ دۆخی پەتای کۆرۆنا، د. ئەفخەمزادە پێیوایە پەیوەندیی بە دۆخی جیهانی و بەدەستگەیشتنی ڤاکسین و پابەندبوونی خەڵکەوە هەیە، بۆیە پێشبینییەکە زۆر سەختە و، گوتی: "ئەگەر ڤاکسینەکان لە کاتی خۆیاندا بگەن، ئومێدمان هەیە لە ساڵی داهاتوودا وردەوردە ئەو نەخۆشییە بەرەو کزبوون بچێت، لە هاوین و پایزی ساڵی داهاتووشەوە وردەوردە بتوانین دەست بە ژیانێکی ئاسایی بکەینەوە."
ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لە شاری ووهانی چین بڵاوبووەوە، لە ماوەیەکی کەمدا زۆربەی وڵاتانی گرتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن تووشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ