قەڵەوی لە منداڵاندا بە نەرێنی کاردەکاتە سەر گەشەی مێشکیان

26-12-2019
رۆژین مەهدی
رۆژین مەهدی
A+ A-

رووداو- هەولێر

پزیشکانی ئەمریکی زانکۆی ڤێرمۆنت پەیوەندییان دۆزیوەتەوە لەنێوان قەڵەوی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر مێشکی منداڵان.


لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە جۆرناڵی زانستی جاما بڵاوکراوەتەوە، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە قەڵەوی لە منداڵاندا، کاریگەری خراپ لەسەر مێشکیان جێدەهێڵێت.

د. جێنیفێر لاورێنت، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، لەمساڵانەی دواییدا قەڵەوی لە منداڵاندا زیادیکردووە، بەهۆی ئەوەی خۆراکە خێراکان زۆرتر دەخۆن و کەمتر چالاکی جەستەیی ئەنجامدەدەن.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، ئەو منداڵانەی قەڵەون توێکڵی مێشکیان تەنکترە، بەراورد بەوانەی قەڵەو نین.

توێژینەوەکەی زانکۆی ڤێرمۆنت لەسەر زیاتر لە سێ هەزار منداڵی تەمەن سەروو نۆ ساڵ ئەنجامدراوە، پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی قەڵەون، توانای فێربوون و یادەوەرییان لاوازترە، چونکە توێكڵی مێشکیان تەنکترە و هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەیاندا هەیە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە