تەندروستی
د. رەوشت رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر لەکاتی وتارەکەی لە دانانی بەردی بناخەی سەنتەرەکە.
رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر رایدەگەیێنێت، دروستکردن و بەرەوپێشبردنی سەنتەرەکانی هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووان، رێگەی سەرەکیی رێگرییە لە مادە هۆشبەرەکان.
لە هەولێر لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی مادەی هۆشبەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-11-2024) رایگەیاند "مادە هۆشبەرەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر کۆمەڵگە و زیانی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنییان هەیە''.
مەسرور بارزنی داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات، "رێکاری زۆر تووندتر بگرنەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە ژیانی مرۆڤەوە دەکەن."
د. رەوشت رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دەروونیی هەولێر گوتی، ''دروستکردن و بەرەوپێشبردنی سەنتەرەکانی هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووان، رێگەی سەرەکین بۆ رێگری لە مادە هۆشبەرەکان''.
د. رەوشت پڕۆسەی شیاندنەوەی بە ئاڵۆز ناوبرد، چونکە دەڵێت: بە سێ قۆناخی سەرەکی دەبێت {هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوەی جەستە و راهێنانی تاک بۆ دووبارە گەڕانەوەی نێو کۆمەڵگە}.
بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2022، نزیکەی 300 ملیۆن کەس مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، هەروەها لە هەر 11 کەسێکی ئالوودەبوو؛ تەنیا یەک کەس چارەسەری وەرگرتووە و ئەوانی دیکە بێ چارەسەر ماونەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی ئەمساڵی رێکخراوی UNODC، عێراق بووەتە یەکێک لە گەرمترین وڵاتانی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ