پسپۆڕێک: بەهیچ شێوەیەک مەسکارەی کەسێکی دیکە بەکارنەهێندرێت
رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی پەرستاریی مامانی و ماستەر لە بەرهەمەکانی جوانکاری دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک مەسکارەی کەسێکی دیکە بەکارنەهێندرێت، هۆکارەکەش رووندەکاتەوە.
ئارەزوو مەحموود، پسپۆڕی پەرستاریی مامانی و ماستەر لە بەرهەمەکانی جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، زۆرجار باشترە خانمانی دووگیان بەرهەمە 'بۆندارەکان، کحولییەکان و زەیتە سرووشتییەکان' بەکارنەهێنن.
ئارەزوو مەحموود گوتی، خانمانی دووگیان هیچ کاتێک دەرمانی ئۆنلاین بەکارنەهێنن و باسی چەند بەرهەمێک دەکات کە قەدەخەیە بۆ خانمانی دووگیان بەکاربێن.
دەقی وەڵامەکانی ئارەزوو مەحموود، پسپۆڕی پەرستاریی مامانی و ماستەر لە بەرهەمەکانی جوانکاری لەبارەی بەرهەمەکانی جوانکاری بۆ خانمان و هۆشدارکردنەوەیان.
رووداو: خانمانی دووگیان چ جۆرە بەرهەمێک بەکاربهێنن کە بۆیان گونجاو بێت و زیان بە کۆرپەلەکەیان نەگەیێنێت؟
ئارەزوو مەحموود: زۆرجار باشترە خانمان بەرهەمە 'بۆندارەکان، کحولییەکان و زەیتە سرووشتییەکان' بەکارنەهێنن لەبەر ئەم هۆکارانە؛
- تووشی هەستیاریی زیاتر دەبن.
- ئەگەری تێکچوونی هۆرمۆنەکانیان زیاتردەبێت.
- ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە نەخۆشییە سکماکییەکان زیاددەبێت.
- ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی بەیانیانی خانمان زیاددەبێت.
- ئەگەری تووشبوونی خانمان بە هەناسەتەنگی زیاددەبێت.
رووداو: ئایا هیچ بەرهەمێک هەیە کە لەسەری نووسرابێت بۆ خانمانی دووگیان ئاساییە یاخود نا؟
ئارەزوو مەحموود: چەند بەرهەمێک هەن کە مادە قەدەخەکراوەکان بۆ خانمانی دووگیانیان لەسەر نووسراوە کە باوترینیان ئەمانەن؛
1- بەرهەمەکانی ڤیتامین A و رێتینۆیدەکان هەرچەندە پێکهاتەی باشن، بەڵام نابێت پێش دووگیانبوون و کاتی دووگیانیش بەکاربێن، چونکە ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە نەخۆشییە سکماکییەکان زیاددەکات، هەربۆیە ئەگەریش ئەو مادەیە وەرگیرا ئەوا دەبێت لەژێر راوێژی پزیشکدا بێت.
2- دەرمانی ترشی سالیسالیک کە بۆ زیپکە بەکاردێت بەتایبەت ئەگەر 2٪ زیادتر بێت، ئەوا نابێت بەکاربێت.
3- پێکهاتەی هایدرۆکینۆن کە بۆ لابردنی پەڵەی پێست بەکاردێت، چونکە کاریگەریی لەسەر ناڕێکیی گەشەی کۆرپەلە دەکەن.
4- مادەی فۆرمەڵدیهاید کە لە بەرهەمەکانی قژخاوکردنەوە و کیراتینی قژ بەکاردێت.
5- مادەی پارافین وەکو پارێزەری ماکیاژ و بەرهەمەکانی جوانکاری بەکاردێت و باشترە کە بەکارنەهێندرێت.
رووداو: چ مادەیەک لەنێو ماکیاژەکان دا هەبێت، بۆ خانمان زیانی دەبێت؟
ئارەزوو مەحموود: ئەم مادانەی خوارەوە؛
1- رێتینۆیدەکان (رێتینۆڵ، رێتینیل پاڵمیتات)
2- پارابێنس (میتیلپارابێن، پرۆپیلپارابێن)
3- فتالاتس (دیئێتیل فتالات)
4- فۆرماڵدیهاید
5- ئاوێتە ئەلەمنیۆمەکان (کلۆرۆهایدراتی ئەلەمنیۆم)
6- ئانتیبایۆتیکەکانی تێتراسایکلین (دۆکسیسایکلین)
7- بۆنی دەستکرد
8- کانزا قورسەکان (جیوە، مس)
9- هایدرۆکوینۆن
رووداو: ئایا خانمانی دووگیان بۆچی نابێت هەموو ماکیاژێک بەکاربهێنن؟
ئارەزوو مەحموود: رەنگە خانمان پێشووتر بەرهەمێکیان بەکارهێنابێت کە هیچ زیانی نەبووبێت، بەڵام کاتێک لە ماوەی دووگیانیدا بەکاریدەهێنن، ئەوا هەستیاریان بۆ دروستدەبێت، چونکە دووگیانی خۆی هۆکارێکی زیادهەستیاربوونە. یاخود رەنگە هەندێک لە پێکهاتەکانی بەرهەمەکان رەنگە خۆیان هەستیاری دروستبکەن، ئەمە جگە لەوەی کە دەشێت کۆمەڵێک کاریگەریی لاوەکیی مەترسیدار لەسەر کۆرپەلە دروستبکەن.
رووداو: ئایا مەسکارە بەکاربێت بۆ خانمانی دووگیان ئاساییە؟ چەند بمێنێتەوە ئاساییە؟
ئارەزوو مەحموود: بەکارهێنانی مەسکارە سەلامەتە، بەڵام دەبێت خانمان لە شوێنێکی باوەڕپێکراو و لەلای کەسی شارەزا دەستیان بکەوێت و نابێت بەهیچ شێوەیەک مەسکارەی کەسێکی دیکە بەکارنەهێندرێت، چونکە هەر ئەوە دەبێتەهۆی هەوکردن و هەستیاریی تووند. تەنانەت دەبێت دڵنیایی هەبێت لەوەی کە هیچ لە مادە زیانبەخشە کیمیاییەکانی تێدانەبێت. هەموو مەسکارەیەک لەسەری نووسراوە کە بۆماوەی چەند ئاساییە بمێنێتەوە، هەروەها پێویستە پێش خەوتن ماکیاژ و مەسکارە بشۆردرێت.
رووداو: رات چییە لەسەر بەرهەمە ئۆنلاینەکان کە ئیستا رێکلامێکی زۆریان بۆ دەکرێت کە رەنگە خانمانی دووگیان بەکاری بهێنن؟
ئارەزوو مەحموود: خانمانی دووگیان دەبێت زۆر وریابن لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە، چونکە رەنگە پشکنینی کوالێتییان بۆ نەکرابێت و پێکهاتەیەکی زیانبەخشیان بۆ دووگیانییەکە تێدابێت، تەنانەت زۆرینەی ئەو بەرهەمانە چاودێریی کەمتریان لەسەرە و باشترە خانمانی دووگیان بەکاریان نەهێنن.
رووداو: خانمانی دووگیان مەیکئەپ و بەرهەمەکانی جوانکاری لە کوێ و لای چ کەسانێک بەدەستبهێنن تەندروستە؟
ئارەزوو مەحموود: پێویستە لەلای پزیشکی پسپۆڕ بەرهەمەکان پێشنیازبکرێت و لە شوێنی باوەڕپێکراویش بکڕدرێن.