NHS: سێیەکی پیاوانی سەروو 50 ساڵان کێشەی پڕۆستاتیان هەیە

رووداو - تەندروستی 

ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی لە بەریتانیا NHS رایدەگەیێنێت، کێشەکانی پڕۆستات لە پیاواندا زیادبووە و ئێستا لەکۆی سێ پیاوی سەروو 50 ساڵان، یەکێکیان تووشی کێشەیەکی جیدیی پڕۆستاتە، توێژینەوەیەکیش ئاشكرای دەکات، لەنێو بەساڵاچووان رێژەکە زیاترە.
 
ناوەندی NHS دەڵێت: گەورەبوون و هەوکردنی پڕۆستات باوترین کێشەیە کە لەگەڵ هەڵچوونی تەمەن، ئەگەری تووشبوونیان زیاددەبێت، بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە شێوازی ژیانی ناتەندروست دەشێت لە تەمەنی کەمیشدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پڕۆستات زیادبکات.
 
بەپێی تەندروستیی بەریتانیا، ساڵانە 45 هەزار تووشبووی شێرپەنجەی پڕۆستات تۆماردەکرێن، کە زۆرینەیان سەروو 65 ساڵانن.
 
توێژینەوەیەکی سکووڵی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، نیوەی پیاوانی سەروو 60 ساڵان کێشەکانی پڕۆستاتیان هەیە.

بەپێی مایۆکلینیک، پڕۆستات رژێنێکە لە خوارووی میزڵدانە و شلەی تۆواو دروستدەکات.
 
گرووپی مەترسیدار بۆ نەخۆشییەکانی پڕۆستات؛
 
* کەسانی تەمەن سەروو 40 ساڵان   
* قەڵەو یاخود کێشزیاد 
* بۆماوە 
* مێژووی خێزانی  
* شێوازی ژیانی ناڕێک
 
نیشانەکانی کێشەکانی پڕۆستات
 
* ئازار لەکاتی میزکردن
* میزکردنی پچڕپچڕ 
* بەتاڵنەبوونەوەی میزڵدان
* خوێن یاخود سپێرم لەنێو میز 
* ئازاری حەوز و خوارووی حەوز 
* لاوازیی رەپبوونی چووک
 
پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی پڕۆستات 
 
* پشکنینی پێشوەختە
* خۆراکی تەندروست
* کێشڕێکی
* وەرزش و چالاکیی جەستەیی  
* خەوی رێک