لە ساڵ و نیوێکدا 35 تووشبووی شێرپەنجەی مەمک لە راپەڕین تۆمارکراون

رووداو - تەندروستی 

بەڕێوەبەری سەنتەری شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە ئاشکرای دەکات، لە ساڵ و نیوێکدا 35 تووشبووی شێرپەنجە لە سەنتەرەکەیان تۆمارکراون و بۆ چارەسەریش نێردراون بۆ هەولێر و سلێمانی.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024 کاروان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە رانیە بە رووداوی راگەیاند، هەر کەسێک بە پشکنینی مامۆگرافی گومانی ئەوەی لێبکرێت کە شێرپەنجەی مەمکی هەیە، دەنێردرێتە هەولێر و سلێمانی بۆ ئەوەی بە پشکنینی وردتر شێرپەنجەکە دەستنیشانبکرێت.
 
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی لە رانیە پشکنینی دڵنیابوونەوەیان بۆ ناکرێت، کاروان محەممەد گوتی، ''لە سەنتەرەکە کێشەی نەبوونی پسپۆڕی شانەزانی و کەلوپەلی تاقیگەییان هەیە و ناتوانن پشکنینی وردتری دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک {پشکنینی زەرع} بکەن''.
 
بە گوتەی پسپۆڕانی سەنتەرەکەش، هەموو ئەوانەی نێردراونەتە شارەکانی دیکە بۆ پشکنینی دڵنیابوونەوە، تووشبووی شێرپەنجەی مەمک بوون؛ ئامارەکانی سەنتەرەکە بەجۆرێکن کە لە شەش مانگی ئەمساڵدا 15 تووشبوو تۆمارکراون و ساڵی رابردووش 20 تووشبووی تۆمارکراو هەبوون.

خانمان بەم شێوەیە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک کەمبکەنەوە.
 
پسپۆڕێک لە بابەتێکی پەیجی رووداوی تەندروستیدا دەڵێت: ''شەرمکردن لە کێشە تەندروستییەکانی مەمک هۆکارێکی درەنگ دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکە''.