رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە کۆریای باشوور ئاشکرای دەکات، ئەو منداڵانەی کێشیان زۆرە و قەڵەون ئەگەری تووشبوونیان بە خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان زۆرە واتە ئەو نەخۆشییانەی کە بەرگرییە خانەکان هێرش دەکەنە سەر خانەکانی جەستە.
توێژینەوەکە لە کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی نیشتمانیی سیئۆل لەسەر دوو ملیۆن و 161 هەزار منداڵی قەڵەو لە وڵاتەکە کرا و دەرکەوت، زۆرینەی منداڵە قەڵەوەکان تووشی نەخۆشییەکانی ئەکزیما و سەدەف بوون.
د. سۆنگ ری کیم، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەوەمان سەلماند کە قەڵەوی دەشێت کۆئەندامی بەرگریی تێکبدات و ببێتەهۆی خۆییە بەرگریی نەخۆشییەکان، بەمەش خانە تەندروستەکانی جەستە لەلایەن سیستمی بەرگریی جەستەوە تێکدەشکێنرێن .
د. سۆنگ ری کیم دەشڵێت: نەخۆشیی ئەکزیما و سەدەف چەندان لێکەوتی جیدی لەسەر پێست دروستدەکەن و نیشانەکانیان درێژخایەنن، بەجۆرێک کەسی تووشبوو وەڕەس دەبێت لێیان و پێویستە هەمیشە دەرمان بەکاربهێنێت.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، تاوەکو ساڵی 2035 رێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵان 100٪ زیاددەبێت، هاوکات بە گوێرەی ئەتڵەسی جیهانیی قەڵەوی، وڵاتەکانی وەکو چین و هیندستان زۆر بەخێرایی رێژەی منداڵی قەڵەو تیایاندا زیاددەکات، ئێستا 7.5٪ی منداڵەکانی چین و 7.9٪ی منداڵەکانی هیندستان بە قەڵەو هەژمار دەکرێن.
بەپێی ئەکادیمیای ئەمریکیی پسپۆڕانی منداڵان AAP، قەڵەوبوونی منداڵ و نەوجەوانانی ئێستا بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە وەکو؛
- ئاساندەستکەوتنی خۆراک و خواردنەوە شیرینەکان.
- رێکلامی سەرنجڕاکێش بۆ خۆراکە ناتەندروستەکان.
- زۆربەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و کەمجووڵەیی.
- خواردنی خۆراکی خێرا.
- خواردنەوەی وزەبەخشەکان.
- ناڕێکیی خەو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ