زانکۆی سیچوان لە چین: قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاددەکات

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی سیشوان لە چین دەریدەخات، قەڵەوی، بەرزیی چەوری لەش و ناڕێکی کێشی جەستە ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهایمەر زیاددەکات. 
 
بە گوێرەی ئەم توێژینەوەیە، قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەڕێژەی 13٪ زیاددەکات، لە کاتێکدا ئەوانەی کێشڕێکن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە بەڕێژەی 26% کەمترە.
 
د. هوان سۆنگ، توێژەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، ''ئەم توێژینەوەیە پشتڕاستی دەکاتەوە گرنگیدان بە پێکهاتەی جەستە و رێککردنی کێش یارمەتی پێشگیریکردن و دواخستنی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر دەدەن''. 
 
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بەربڵاوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە، زیاتر لە 55 ملیۆن تووشبووی ئەلزەهایمەر لە جیهاندا هەن، شارەزایانی رێکخراوەکە پێشبینیدەکەن تاوەکو ساڵی 2050 تووشبووانی ئەلزەهایمەر بۆ 139 ملیۆن کەس بەرزببێتەوە.
 
بە پێی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ئەم هۆکارانە دەشێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی لەبیرچوونەوە زیادبکەن؛ 
 
- خواردنەوەی کحول
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- کەمیی ڤیتامین D
- شەکرە
- نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن
- خەمۆکی
- قەڵەوی
- بەساڵداچوون