توێژینەوەیەک: نیشانەکانی تای دێنگێ لە کەسانی قەڵەو تووندترن

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی سری جایواردنیپورا لە سریلانکا دەریدەخات، ئەو منداڵانەی کێشیان زۆرە، نیشانەکانی تووشبوون بە نەخۆشیی تای دێنگێ تووندتر لێیان دەردەکەوێت و زیاتر لە نەخۆشخانە دەمێننەوە بەراورد بەوانەی قەڵەونین. 
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، زیاتر لە پێنج هەزار کەس لەم توێژینەوەیەدا بەشداربوون و دەرکەوتووە کێش رۆلێکی بەهێزی هەیە لەوەی تاچەند نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە کەسێک دەردەکەون. 
 
د. نیلیکا مالاڤیگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''لەگەڵ زیادبوونی قەڵەوی لە جیهاندا، گرنگە هۆشیاری زیاتر بڵاوبکرێتەوە و هاووڵاتییان پەروەردە بکرێن لەوەی قەڵەوی مەترسیی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی زیاددەکات و هەموو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانیش لە کەسانی قەڵەو، ترسناکتر دەردەکەون''. 
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا CDC، تای دێنگێ نەخۆشییەکەی ڤایرۆسییە و لە رێگەی پێوەدانی مێشوولەی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە، نیشانەکانی بریتیین لە تا، خوێنبەربوون، رشانەوە و ئازاری تووندی ئێسک و جومگەکان. 
 
بە پێی ئەم ناوەندە، ساڵانە ملیۆنان تووشبووی تای دێنگێ لە جیهاندا تۆماردەکرێن و ئەم نەخۆشییە زیاتر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ئەفریقا بەربڵاووە.