توێژینەوەکان دەستەواژەی ''کەمخۆری دایم خۆر'' لە روانگەی خۆراکناسییەوە رووندەکەنەوە

26-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

دەستەواژەی ''کەمخۆری دایم خۆر'' لەنێو گەلانی جیهاندا باوە و لە چەندین روانگەوە شیکراوەتەوە، بە گوێرەی توێژینەوە پزیشکی و تەندروستییەکانی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی جیهان، ئەوانەی سووکە ژەمی زۆر لە رۆژێکدا دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایێنەکان کەمترە.
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی هاوبەشی نێوان زانکۆی کاسۆلیکی لە ئیسپانیا و زانکۆی پادۆڤا لە ئیتاڵیا ''کەمخۆری دایم خۆر'' واتە کەسێک کە زیاتر لە سێ ژەمی رۆژانە بخوات، بەڵام بە بڕە خۆراکی کەم، ئەم سوودانەی دەبێت؛
 
- هەستکردن بە تێری بۆ کاتێکی زۆر
- زیاتر سووتاندنی چەوری لەلایەن جەستەوە
- دەستکەوتنی وزەی پێویست
- هاوسەنگکردنی شەکری خوێن
- رێگری لە زۆرخۆریی ژەمی خۆراک
 
هەر هەمان توێژینەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، زیادبوونی ژەمە خۆراکییەکان و کەمکردنەوەی بڕی خۆراکی ژەمەکان دەکرێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەمبکاتەوە و چەوریی خوێنیش هاوسەنگبکات.
 
بۆ پاڵپشتیی ''کەمخۆری دایم خۆر'' توێژینەوەیەکی دیکە لە زانکۆی پۆزنان لە پۆڵەندا پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەوانەی زیاتر لە سێ ژەمی بچووک دەخۆن رێژەی چەوریی HDLـیان بەرزبووەتەوە و چەوریی سیانییان کەمبووەتەوە کە ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە کەمدەکاتەوە.
 
هاوکات کۆمەڵەی دڵ لە ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، زیادبوونی ژمارەی ژەمەکانی خۆراک ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و شەکرە کەمدەکاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە لە هەر ژەمێکدا خۆراکی سووک بخورێت و نەگاتە ئاستی تێربوونی کەسەکە.
 
زیادکردنی ژەمی خۆراکی و زیندەچالاکیی جەستە
 
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی واشنتن لە ئەمریکا، سووکە ژەم دەشێت وەکو چارەسەرێکی قەڵەوی پێشنیاز بکرێت، چونکە زیندەچالاکیی جەستە چالاکتر دەکات و وادەکات چەوریی زیاتر بسووتێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە توێژەرانی زانکۆکە دڵنیاییان داوە لەوەی کە زیادکردنی ژمارەی ژەمە خۆراکییە سووکەکان پەیوەندیی بە قەڵەوبوونەوە نییە و تەنانەت پێشگیریشی لێدەکات.
 
ژمارەی ژەمە خۆراکییەکان بۆ وەرزشڤانان
 
هەرچەندە وەرزشڤانان رێژیمی خۆراکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە لەلایەن راهێنەرەکەیانەوە بۆیان پێشنیاز کراوە، بەڵام بەپێی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی وەرزشی، ''زیادبوونی سووکە ژەمە دەوڵەمەندەکان بە پڕۆتین دەکرێت یارمەتیی وەرزشڤانان بدات لە زیادبوونی قەبارەی ماسوولکەکانیان و وزەیەکی زیاتریان پێببەخشێت''.
 
هەر بەپێی کۆمەڵەکە، زیادکردنی ژەمە خۆراکییەکانی رۆژانە، کوالێتیی کارکردن و وەرزشی وەرزشڤانان زیاددەکات و سوودی بۆیان دەبێت.
 
کوالێتیی ژەمەکان لەگەڵ زیادبوونی ژەمەکانی رۆژانە
 
توێژینەوەیەک لە گۆڤاری خۆراکی بەریتانی لە ساڵی 2020 بڵاوکراوەتەوە و دەیسەلمێنێت، ئەوانەی ژەمە خۆراکییەکانی رۆژانەیان زۆرە، زیاتر سەوزەکان، میوەکان و دانەوێڵەی تەواو، گۆشتی ماسی و مریشک دەخۆن، بەراورد بەوانەی کەمتر لە سێ ژەمیان هەیە، ئەمەش واتە لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی ژەمە خۆراکییەکان، کوالێتیی خۆراکەکانیش کەمدەبنەوە.
 
کێن ئەوانەی ''کەمخۆری دایم خۆر''ـن؟
 
بابەتێکی رۆژنامەی ''خۆراک لە پڕاکتیزەکردنی پزیشکیدا'' ئاشکرای دەکات، زیادکردنی ژەمی خۆراکیی رۆژانە بۆ ئەم گرووپانەی خوارەوە پێویستە؛
 
* ئەوانەی دەیانەوێت هەمیشە تێر بن
* ئەوانەی دەیانەوێت کێشیان زیادبکەن
* ئەوانەی هەندێک کێشەی هەرسکردنیان هەیە
* ئەوانەی سکچوون، رشانەوە و ئاوسانی گەدەیان هەیە
 
بە گوێرەی رێنوێنییە خۆراکییەکانی کۆمەڵەی خۆراکی ئەمریکی بۆ ساڵانی 2020 تاوەکو 2025 شێوازی خۆراکی تەندروست بەم شێوەیەیە لەنێو ژەمەکاندا؛
 
- بایەخ بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدرێت.
- بایەخ بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان بدرێت.
- پڕۆتین لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی بەدەستبهێندرێت.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە