ئەکادیمیای زانستیی پزیشکی لە چین: تووشبووانی شەکرە لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەڕۆژووبن

26-06-2024
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەکادیمیای زانستیی پزیشکی لە چین ئاشکرای دەکات، هەر کەسێک لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەڕۆژوو ببێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە شەکرە و لێکەوتەکانی کەمدەبێتەوە و پسپۆڕێکیش دەڵێت: ''بەراورد بە دەرمان، رۆژووگرتنی پچڕپچڕ زیاتر کێش دادەبەزێنێت بۆ تووشبووانی شەکرە''.
 
توێژینەوەکە لە چین کرا و دەرکەوت، رۆژووگرتنی پچڕپچڕ بۆ ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوویان هەیە رێگەیەکی کاریگەرە بۆ ئەوەی کێشیان بە هاوسەنگی بهێڵنەوە و پەستان و شەکری خوێنیشیان هاوسەنگ ببێت.
 
بە گوتەی پسپۆڕانی توێژینەوەکە، ئەوانەی لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەڕۆژووبوون زیاتر شەکری خوێنیان کۆنتڕۆڵکراو بوو و کێشیان زیاتر دابەزاند، بەراورد بەوانەی بەڕۆژوو نەبوون و خۆراکیان ئاسایی بوو، هەر بۆیە رۆژووی پچڕپچڕ زیاتر بۆ ئەوانە پێشنیاز دەکرێت کە شەکرەیان هەیە و قەڵەون.
 
لیخین گیۆ، سەرپەرشتیارێکی توێژینەوەکە دەڵێت، ئەو رێژیمەی ئەوان بەکاریان هێناوە لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەڕۆژووبوونە، بەڵام ئەو رۆژەشی کە کەسەکە بەڕۆژووە دەتوانێت 500 بۆ 600 کالۆری لە تەواوی رۆژەکەدا بخوات.
 
ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەکات، دوای چوار مانگ لە پەیڕەوکردنی رۆژووگرتنی پچڕپچڕ دەرکەوت، 21 کیلۆگرام کێشیان دابەزاندووە، بەڵام ئەوانەی تەنیا میتفۆڕمینیان بەکاردەهێنا کە دەرمانێکە بۆ تووشبووانی شەکرە دەنووسرێت، تەنیا 12 کیلۆگرام لە کێشیان دابەزاند.
 
بەشداربووانی توێژینەوەکە لە رۆژانی بەڕۆژووبوونیان چیان خواردووە؟
 
بە پێی توێژینەوەکە بەشداربووان بڕێکی کەم خۆراکیان خواردووە بەم شێوەیە؛ هێلکەیەک بۆ ژەمی بەیانی، سەوزە و میوە بۆ ژەمی نیوەڕۆ، زەڵاتە بۆ ژەمی ئێوارە، هەروەها لەگەڵ هەر ژەمێکیش خواردنەوەیەکی کەم کالۆری.
 
کاریگەرییەکانی رۆژووگرتنی پچڕپچڕ لەسەر بەشداربووانی توێژینەوەکە چی بوو؟
 
- کەمکردنەوەی کێش
- دابەزینی رێژەی شەکرەی سێ مانگی کە ناسراوە بە HbA1c
- هاوسەنگبوونی پەستانی خوێن
- دابەزینی رێژەی چەوریی سیانی کە جۆرێکی چەوریی نێو خوێنە
 
بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2021ـی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستی لە ئەمریکا، زۆرترین رێژەی تووشبووانی شەکرە لە چین هەن کە 140 ملیۆن تووشبوون، دوای ئەو هیندستان دێت کە 74.2 ملیۆن تووشبوون و پلەی سێیەمیش دراوە بە پاکستان کە 33 ملیۆن تووشبووی شەکرەی تێدا تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە