وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان: پێنج کەس بە تای خوێنبەربوون گیانیان لەدەستداوە

26-06-2023
نازەنین گۆران
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن تای خوێنبەربوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تائێستا لە هەرێمی کوردستان 23 گومانلێکراوی تای خوێنبەربوون هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی دووشەممە، 26-06-2023، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لەبارەی ئامارەکانی تای خوێنبەربوون گوتی، "تاوەکو دوێنێ لە پارێزگاکانی عێراق 865 گومانلێکراو هەبوون و 265ـیان پشتڕاستکراونەتەوە و 69 کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون. لە هەرێمی کوردستانیش 23 گومانلێکراو هەبوون کە 11یان پشتڕاستکراونەتەوە و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ یەکەم کەس لە سۆران بوو؛ دووەم لە خەلیفان؛ سێیەم لە مێرگەسۆر؛ چوارەم لە سەنتەری شاری هەولێر و دوایین کەس لە کۆیە گیانی لەدەستدا کە خەڵکی گوندی سماقووڵی بوو."
 
بەگوتەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لەو پێنج کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان ژن بووە کە خەڵکی سۆران بوو و مامەڵەی لەگەڵ ئاژەڵی ماڵی هەبوو و دەشڵێت، "ئەوانی دیکەش مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵ هەبوو؛ کەسێکیان گۆشتفرۆش بوو و مامەڵەی لەگەڵ سەربڕینی ئاژەڵ بووە."
 
سامان بەرزنجی گوتیشی، "بۆ چارەسەرکردنی تای خوێنبەربوون کۆمەڵێک دەرمان بەکاردێت، وەک ژیناو و دەرمانەکانی هەوکردن، بەڵام گرنگترینیان دەرمانی دژە ڤایرۆسی ریباڤارینە کە لە هەموو شوێنێک هەیە بە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانیشەوە."
 
تای خوێنبەربوون بە چەندین رێگە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەکرێت مرۆڤ بە سووکی تووشی بێت و لە زۆر باریشدا رەنگە ببێتە هۆکاری مردن. ڤایرۆسەکە لە رێگەی ئاژەڵ و مێشوولەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستی، هەر کەسێک لە ماوەی سێ بۆ شەش رۆژ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتن پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکات و دەڵێت، "ڤایرۆسەکە دەبێتە هۆکاری خوێنبەربوون لە هەموو بەشەکانی لەشی مرۆڤ لەگەڵ تایەکی تووند و پێویستە لەو کاتانەدا راستەوخۆ نەخۆش رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، چونکە رێژەی مردن و پەککەوتن لە نەخۆشییەکە زۆرە؛ رێژەی مردن گەیشتووەتە 50٪ بۆ 60٪، بەڵام ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند زووتر سەردانی نەخۆشخانە دەکەیت؛ پەککەوتنیش بە مانای ئەوەیە رەنگە بەشێک لە ئەندامانی لەشی مرۆڤ لە کاتی خوێنبەربوون تووشی لەکارکەوتن بن".
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانییان دەکات خۆپارێزی بکەن و دەڵێت، "لە جەژنی قورباندا رێکارەکانی خۆپارێزی زۆر گرنگن و پێویستە ئافرەتانیش لە ماڵەوە لەکاتی مامەڵەیان لەگەڵ گۆشت خۆپارێزی بکەن و دووربکەونەوە لە گۆشتی نەخۆش. ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش تای خوێنبەربوون هەیە. نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە و ڤایرۆسییە، واتا ترسناکیی نەخۆشییەکە ئەوەیە لە ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و لە مرۆڤیش بۆ مرۆڤ دەگوزارێتەوە، بەڵام بە دوو شێواز دەگوازرێتەوە ئەوانیش؛ راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە؛ راستەوخۆ واتا بە بەکارهێنان و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرهاێشتە و شلەمەنییەکانی ئاژەڵ، یان بە ناراستەوخۆ لەرێگەی بوونی گەنە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە