لە پەکین پشکنینی کۆرۆنا بۆ 20 ملیۆن کەس دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی نوێی کۆرۆنا رووی لە چین کردووە و حکومەت رێکاری تووندی بەرامبەر گرتووەتەبەر، بەرپرسانی پەکینیش بڕیاریانداوە پشکنینی کۆرۆنا بۆ 20 ملیۆن کەس بکەن.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 25ـی نیسانی 2022 لەدوای تۆمارکردنی ژمارەیەک کەیسی پەتای کۆرۆنا لە پەکینی پایتەخت، بەرپرسانی پەکین رایانگەیاند، لە کۆی 22 ملیۆن دانیشتووانەکەی؛ پشکنینی کۆرۆنا لە جۆری پی سی ئاڕ بۆ 20 ملیۆن کەس دەکەن.
لە شاری شانگهای رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەگەڵ تۆمارکردنی هەزار کەیسی نوێ لە مانگی رابردوودا، رێکاری تووند گیرانەبەر و دواتریش قەدەخەی هاتووچۆ بەسەر 26 ملیۆن دانیشتووی شارەکە راگەیێندرا.
لەگەڵ راگەیاندنی رێکاری نوێش لە پەکینی پایتەخت، خەڵکی هەر زوو روویان لە بازاڕەکان کرد بۆ ئەوەی لە ئەگەری راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ، پێشوەختە پێداویستیی رۆژانەیان دابینبکەن.
رۆژی سێشەممە بەرپرسانی پەکین چەند شوێنێکی گشتیی وەکو هۆڵی لەشجوانی، سینەما و شوێنی گەشتیارییان بەڕووی خەڵکدا داخست. چاوەڕوان دەکرێت لە ئەگەری هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا، هاوشێوەی شانگهای قەدەخەی هاتووچۆی تێدا رابگەیێندرێت. بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، رۆژی 25ـی نیسان، 33 کەیسی نوێی تووشبوون لە پەککین تۆمارکراون. ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی پێشتر 19 کەیسی نوێ تۆمارکراون.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە ساڵی 2019 لە چین، رێکاری خۆپارێزیی تووندی وەکو قەدەخەی هاتووچۆ و دواتریش وەرگرتنی ڤاکسین گیرانەبەر، بەجۆرێک تاوەکو ئێستا 88.3٪ـی کۆی دانیشتووانەکەی لانیکەم دوو قورچک ڤاکسینیان وەرگرتووە.
لەو وڵاتەدا تاوەکو ئێستا نزیکەی 750 هەزار کەس تووشی پەتاکەبوون و 4 هەزار و 725 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.