رووداو - تەندروستی
راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان کە وەزارەتی تەندروستیش بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرای دەکات؛ لیژنەی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە زنجیرە دەرمانخانەکان و بەتایبەتیش دەرمانخانەی سەروەران.
فەرمانێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە دەست رووداو کەوتووە، دەقەکەی دەڵێت: ''دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند تۆمارێکی دەنگیی دەرمانسازێک لە سۆشیاڵ میدیا بە ناوی (کۆچەر ئیسماعیل محەممەد)، خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی سەروەران، کە تیایدا ناوبراو رێنوێنیی ئاراستەی کارمەندەکانی دەکات بە گۆڕینی جۆری چارەسەری دەرمان بۆ نەخۆش کە لەلایەن پزیشکی چارەسەرکار بۆی نووسراوە و بڕیارماندا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئەمە پێکبهێندرێت''.
دکتۆر کۆچەر ئیسماعیل تۆمارێکی دەنگی لە سۆشیاڵ میدیاکان بڵاوبووەتەوە کە باسی چۆنیەتیی پێدانی دەرمان دەکات بە نەخۆشەکان لەلایەن کارمەندەکانییەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی تۆمارە دەنگییەکەیە؛
بەڵام دکتۆر کۆچەر ئیسماعیل، خاوەنی زنجیرە دەرمانخانەکانی سەروەران بۆ رووداو قسەی کردووە و دەڵێت: کۆمەڵێک پەیامی دیکەم لە دەنگەکەدا گوتووە، بەڵام بڵاونەکراوەتەوە و بەشێکی زۆری بە ئەنقەست بڕدراون و تەنیا بۆ چەواشەکارییە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کواڵیتیی کۆنتڕۆڵی دەرمان لە هەرێمی کوردستان روونی کردووەتەوە، هەمان دەرمانخانە بۆ ماوەی هەشت مانگ داخرا بەهۆی سەرپێچییەوە و تاوەکو ئێستاش دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە دادگە ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ