لە ئەمریکا، هەزاران شرووبی منداڵان لە بازاڕ دەکشێندرێنەوە

26-03-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

لیژنەی سەلامەتیی بەرهەمەکان لە ئەمریکا زیاتر لە دوو هەزار بتڵی شرووبی دەرمانێکی منداڵان لە بازاڕەکان دەکشێنێتەوە.
 
لیژنەکە هۆکاری ئەم کارەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مادەکانی پاکەتکردنی دەرمانەکە لە ئاستی ستاندارد نین و دەبنەهۆی ژەهراویبوون، پزیشکێکی دەرمانسازیش لە سلێمانی لەبارەی دەرمانەوە راستییەکی بە رووداو گوت.
 
دەرمانەکە ناوی benadryl ـە و بۆ چارەسەری هەستیاری و نیشانەکانی سەرمابوون بەکاردێت، لیژنەی سەلامەتیی بەرهەمەکان لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کێشە لە مادەکانی نێو دەرمانەکە نییە، بەڵکو خودی ئەو پلاستیکەی بۆ شرووبەکە بەکارهاتووە کێشە تێدایە و ئەگەری ژەهراویبوونی دەرمانەکە زۆرە.
 
بەگوێرەی یاساکانی کاری پێچانەوە بۆ رێگریکردن لە ژەهراویبوون لە ئەمریکا، ئەو دەرمانە لە پلاستیک دروستکراوە و خۆی مادەی diphenhydramine تێدایە کە گومان دەکرێت پلاستیکەکە لەگەڵ ئەو مادە سەرەکییەی نێوی کارلێک بکات و پێکهاتەکەی بۆ پێکهاتەیەکی ژەهراوی بگۆڕدرێت.
 
بەگوێرەی FDA، ئەگەر منداڵ بەو مادەیە ژەهراوی بێت، ئەوا تووشی 'سکچوون، رشانەوە، پەککەوتنی گورچیلەکان، بێهۆشی، ناڕێکیی دڵ و هەناسەتەنگی' دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-3-2025 دکتۆر رەهێڵ فەرهاد، پزیشکی دەرمانساز لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەرمانە لە هەرێمی کوردستان نییە و ئەگەریش هەبێت بە قاچاخ هاوردەکراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە