رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی کۆلێژی پەروەردە- بەشی بایۆلۆژیی زانکۆی سەلاحەدین- هەولێر لە یەکەمین 'کۆنفرانسی زانستیی شەبەنگی ئۆتیزم و لێکەوتەکانی' لەبارەی هۆکارەکانی ئۆتیزم و ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئاشکرای دەکات، شیری قوتوو دەکرێت هۆکاربێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم.
سروە سامی، پسپۆڕی بۆماوەزانی و توێژەر رایدەگەیێنێت، هۆکارە بۆماوەیی، ژینگەیی و ئیپیجێنەتیکییەکان دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم و خراپبوونی دۆخەکە.
لە بەشێکی قسەکانیدا سروە سامی ئاماژەی بە وشەی ئۆتیزم دا و گوتی، نابێت پێی بگوترێت ''نەخۆشیی ئۆتیزم''، چونکە ئۆتیزم نەخۆشی نییە، بەڵکو دۆخێکە و لە تاکدا هەیە.
سروە سامی گوتی، ''هەرچەندە تاوەکو ئێستا هۆکاری ئۆتیزم نەزانراوە، بەڵام دەکرێت بە توێژینەوە ئەو هۆکارانە دەستنیشانبکرێن کە ئەگەری ئۆتیزم زیاددەکەن''.
هەروەها باسی توێژینەوەکەی دەکات و دەڵێت: ''زۆرینەی ئەوانەی کە ئۆتیزم بوون لە رەگەزی کوڕن، بەجۆرێک سێ کوڕ بەرامبەر بە یەک کچی ئۆتیزمە''.
ئەو توێژەرە ئەنجامێکی دیکەش ئاشکرادەکات کە لەسەر پەیوەندیی نێوان شیری قوتوو و ئۆتیزمە و دەڵێت: لەکۆی 219 منداڵی ئۆتیزم دەرکەوت، زۆرینەی ئەوانەی کە شیری قوتوویان خواردووە رێژەیان زیاتر بوو لەنێو منداڵە ئۆتیزمەکان بەراورد بەوانەی شیری دایکیان خواردووە.
سروە باسی هۆکارە ژینگەییەکان دەکات و دەڵێت: بەکارهێنانی شاشەکان لە توێژینەوەکەمان و لە چەندان توێژینەوەی دیکەی جیهانیشدا سەلمێندراوە کە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم زیاددەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ