پسپۆڕێکی خەوی منداڵان: ناڕێکیی خەو و خۆراکی کۆرپە تاوەکو تەمەنی چوار مانگی ئاساییە
رووداو - تەندروستی
شارەزایەک لە بواری خەوی کۆرپە و منداڵی ساوا لە هیندستان ئاشکرای دەکات، ناڕێکیی خەو و خۆراک لە چوار مانگی سەرەتای تەمەنی کۆرپە ئاساییە و پێویست بە شڵەژانی دایک و باوکان ناکات.
هیمانی دالمیا، راهێنەر و شارەزای شێوازەکانی خەوتنی منداڵ و کۆرپە لە هیندستان دەڵێت: کۆرپە تاوەکو تەمەنی دوو مانگی زۆرینەی کاتەکانی رۆژانەی بە خەو تێدەپەڕێت، بەجۆرێک ئەندامەکانی جەستەی دوای تەمەنی چوار مانگی دەست رێکخستنی کات و سووڕی ژیانی ئاسایی خەوتن و هەستان لە خەو دەکەن.
پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە، کۆرپە تاوەکو چوار مانگی سەرەتای تەمەنی زیاتر کاتەکانی بە خەو و خواردن بەسەردەبات، بەجۆرێک سووڕی ژیانی دیاریکراویان بۆ رێکخستنی کاتی خەو و خۆراک نییە، چونکە هەندێک لە هۆڕمۆنەکانی خەو وەکو میلاتۆنین لە نێو سکی دایک و شیری دایک وەرگرتووە و هێشتا جەستەی ناتوانێت دروستی بکات.
لەبارەی دەستپێکردنی رێکخستنەکانی کاتی خەو و خۆراکی کۆرپە پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە، کۆرپە دوای تەمەنی چوار مانگی دەستدەکات بە رێکخستنی بایۆلۆژیی جەستەیی بۆ کاتی خەو و خۆراک، هاوکات بە گشتی دوای تەمەنی چوار مانگی کاتەکانی رێکتر دەبنەوە.
هیمانی دالمیا ئاماژە بە جیاوازیی ماوەی ئاگایی کۆرپە دەکات و دەڵێت: ماوەی نێوان خەوەکانی کۆرپە لە رۆژێکدا و لە تەمەنی پێنج مانگیدا تاوەکو 30 خولەکە، بەڵام لە مانگی چوارەمەوە درێژدەبێتەوە بۆ 30 تاوەکو 90 خولەک.
پسپۆڕەکەی خەوی منداڵان دەڵێت: ''تاوەکو تەمەنی چوار مانگ کۆرپە دەبێت رۆژانە زیاتر لە پێنج جار کورتەخەو بکات، بەڵام لە تەمەنی پێنج تاوەکو 12 مانگی پێویستە سێ جار کورتەخەو بکات.'' پسپۆڕەکە دەشڵێت: ژمارەی کورتەخەوەکان لە تەمەنی سەروو یەک ساڵی کەمدەبنەوە بۆ دوو جارخەوتن.
لە کۆتاییدا هیمانی دالمیا رێنوێنیی دایکان دەکات و دەڵێت: ''لە هەرکاتێکدا کۆرپە ماندووبوو پێویستی بە خەو دەبێت، هاوکات دەبێت ژینگەیەکی لەباری بۆ تەرخان بکرێت، چونکە خەو و شیری دایک تاوەکو تەمەنی شەش مانگی دەبنە بنچینەیەکی کاریگەر بۆ تەندروستیی کۆرپە.''
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، منداڵی ساوای تەمەن چوار تاوەکو 12 مانگ لە رۆژێکدا پێویستی بە 12 - 16 کاژێر خەوتن هەیە، بە گوێرەی رێکخراوەکە دەبێت منداڵ لەسەر پشت بخەوێندرێت، چونکە وادەکات کۆرپە هەناسەیەکی تەواو وەربگرێت و کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست نەبێت.