پسپۆڕێکی خەوی منداڵان: ناڕێکیی خەو و خۆراکی کۆرپە تاوەکو تەمەنی چوار مانگی ئاساییە

26-01-2023
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

شارەزایەک لە بواری خەوی کۆرپە و منداڵی ساوا لە هیندستان ئاشکرای دەکات، ناڕێکیی خەو و خۆراک لە چوار مانگی سەرەتای تەمەنی کۆرپە ئاساییە و پێویست بە شڵەژانی دایک و باوکان ناکات. 
 
هیمانی دالمیا، راهێنەر و شارەزای شێوازەکانی خەوتنی منداڵ و کۆرپە لە هیندستان دەڵێت: کۆرپە تاوەکو تەمەنی دوو مانگی زۆرینەی کاتەکانی رۆژانەی بە خەو تێدەپەڕێت، بەجۆرێک ئەندامەکانی جەستەی دوای تەمەنی چوار مانگی دەست رێکخستنی کات و سووڕی ژیانی ئاسایی خەوتن و هەستان لە خەو دەکەن.
 
پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە، کۆرپە تاوەکو چوار مانگی سەرەتای تەمەنی زیاتر کاتەکانی بە خەو و خواردن بەسەردەبات، بەجۆرێک سووڕی ژیانی دیاریکراویان بۆ  رێکخستنی کاتی خەو و خۆراک نییە، چونکە هەندێک لە هۆڕمۆنەکانی خەو وەکو میلاتۆنین لە نێو سکی دایک و شیری دایک وەرگرتووە و هێشتا جەستەی ناتوانێت دروستی بکات. 
 
لەبارەی دەستپێکردنی رێکخستنەکانی کاتی خەو و خۆراکی کۆرپە پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە، کۆرپە دوای تەمەنی چوار مانگی دەستدەکات بە رێکخستنی بایۆلۆژیی جەستەیی بۆ کاتی خەو و خۆراک، هاوکات بە گشتی دوای تەمەنی چوار مانگی کاتەکانی رێکتر دەبنەوە. 
 
هیمانی دالمیا ئاماژە بە جیاوازیی ماوەی ئاگایی کۆرپە دەکات و دەڵێت: ماوەی نێوان خەوەکانی کۆرپە لە رۆژێکدا و لە تەمەنی پێنج مانگیدا تاوەکو 30 خولەکە، بەڵام لە مانگی چوارەمەوە درێژدەبێتەوە بۆ 30 تاوەکو 90 خولەک. 
 
پسپۆڕەکەی خەوی منداڵان دەڵێت: ''تاوەکو تەمەنی چوار مانگ کۆرپە دەبێت رۆژانە زیاتر لە پێنج جار کورتەخەو بکات، بەڵام لە تەمەنی پێنج تاوەکو 12 مانگی پێویستە سێ جار کورتەخەو بکات.'' پسپۆڕەکە دەشڵێت: ژمارەی کورتەخەوەکان لە تەمەنی سەروو یەک ساڵی کەمدەبنەوە بۆ دوو جارخەوتن.
 
لە کۆتاییدا هیمانی دالمیا رێنوێنیی دایکان دەکات و دەڵێت: ''لە هەرکاتێکدا کۆرپە ماندووبوو پێویستی بە خەو دەبێت، هاوکات دەبێت ژینگەیەکی لەباری بۆ تەرخان بکرێت، چونکە خەو و شیری دایک تاوەکو تەمەنی شەش مانگی دەبنە بنچینەیەکی کاریگەر بۆ تەندروستیی کۆرپە.''
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، منداڵی ساوای تەمەن چوار تاوەکو 12 مانگ لە رۆژێکدا پێویستی بە 12 - 16 کاژێر خەوتن هەیە، بە گوێرەی رێکخراوەکە دەبێت منداڵ لەسەر پشت بخەوێندرێت، چونکە وادەکات کۆرپە هەناسەیەکی تەواو وەربگرێت و کێشەی هەناسەدانی بۆ دروست نەبێت.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە