7 خووی تەندروست بۆ ساڵی نوێ

25-12-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

سەرەتای ساڵی نوێ کاتێکی زۆر باشە بۆ گۆڕینی شێوازی ژیانی تەندروست و وازهێنان لە خووە خراپەکان بۆ دەروون و تەندروستی، ئەمانەی خوارەوەش باوترین خووە تەندروستەکانن کە پێویستە هەمیشە و بەتایبەتیش لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێ بکرێن.
 
1- دابەزاندنی کێش؛ بە گوێرەی کۆمەڵەی فیسیۆلۆژیی جەستەی ئەورووپی، بە دابەزاندنی 5٪ـی کێشی جەستە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان 50٪ کەمدەبێتەوە. نەخۆشییەکانیش وەکو {شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و شێرپەنجە}. هەر بۆیە دەکرێت بە رێژیم یاخود وەرزش لەژێر سەرپەرشتی کەسێکی پسپۆڕ ئەو ئامانجە بپێکیت.
 
2- رێکخستنی خۆراک و پارێزی؛ خۆراکی تەندروست دەکەوێتە سەر ئەوەی کە چی دەخۆیت و بە چ بڕێکیش دەیخۆیت؟ بۆیە پسپۆڕان و کۆمەڵەکانی خۆراک پێشنیازدەکەن، هەمەجۆری لە خۆراکدا هەبێت و بڕێکی باشیش لە سەوزە و میوەکان بخورێن.
 
3- کەمدانیشتن و جووڵەی بەردەوام؛ دەکرێت بە جووڵە و چالاکیی جەستەیی بەردەوام لەشێکی رێکت هەبێت و کەمتر پێویستیت بە هۆڵەکانی لەشجوانی بێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: ''رۆژانە لانیکەم 30 خولەک بەپێ رۆیشتن یاخود زیاتر لە پێنج هەزار هەنگاوی رۆژانە هەبێت''.
 
4- بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختە؛ بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و دەرووندروستی بەپێی بایەخدان و پێویستی، پشکنینی پێشوەختەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەکو بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە بکرێن و بایەخیش بە هەریەک لە پشکنینەکانی پڕۆستات لە پیاوان و مەمک لە خانمان بدرێت. {لێرەوە بابەتێک ببینە}.
 
5- ئاسوودەیی دەروون و کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی؛ بۆ پاراستنی دەرووندروستی گرنگە هەمیشە بایەخ بە وەرزش و چالاکییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونی بدرێت، کۆمەڵەی دەرووندروستی لە بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئەنجامدانی رۆژانەی راهێنانەکانی هێوربوونەوە پێویستن وەکو {یۆگا، خۆخاوکردنەوە و گوێگرتن لە میوزیک}.
 
6- خەوی رێک؛ هەمیشە لە توێژینەوە و سەرچاوە پزیشکییەکاندا خەو بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ تەندروستبوونی ئەندامەکانی دیکە و دەروونیش دانراوە، کۆمەڵەی خەو لە ئەمریکا دەڵێت: سنوورداکردنی شاشەکان، دابینکردنی ژینگەیەکی بێدەنگ بۆ خەوتن و بوونی کاژێری تەواو لە خەوتن بۆ بە ئامانجکردنی ئەم خووە هەبن.
 
7- دانانی پلان بۆ وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە؛ ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا ئاشکرای کردووە، جگەرەکێشان بە نزیکەیی زیان بە هەموو ئەندامەکانی جەستە دەگەیێنێت و هۆکارێکی سەرەکیی مردنە. هاوکات ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەکانیش زیاددەکات. بۆیە پێویستە بە پلان واز لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە بهێندرێت. {دوای وازهێنان لە جگەرە و نێرگەلە، چی بەسەر جەستەدا دێت؟}.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.