بەرپرسێکی دیوانی وەزارەتی تەندروستی: لەمەودوا خزمەتگوزاریی تاقیگە پزیشکییەکان دەدرێت بە کەرتی تایبەت

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەرپرسێکی تەندروستیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیێنێت، لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانی تاقیگەی نەخۆشخانەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێن، سەرۆکی سەندیکای بایۆلۆژیستانی کوردستانیش دەڵێت: ''هیوادارین لە بەرژەوەندیی خەڵک بێت و نرخەکان گران نەکرێن''.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-12-2024 بەرپرسێکی تەندروستی لە دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، پڕۆژەکە بەجۆرێکە کە هەموو تاقیگەکانی نەخۆشخانە حکومییەکان بە بنکە تەندروستییەکانیشەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە کەلوپەل و پێداویستییەکانیان بۆ دابینبکرێت.
 
هەر ئەمڕۆ موحسین کاک ئەحمەد، بەڕێوەبەری تاقیگەی تەندروستیی گشتیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو پڕۆژەیە بەشێوەیەکە کە هەموو خزمەتگوزارییە تاقیگەییەکان دەدرێن بە کەرتی تایبەت.
 
موحسین کاک ئەحمەد دەڵێت، پڕۆژەکە نرخی پشکنینەکان زیادناکات و هەر بەهەمان نرخی پێشوو دەبن، بەڵکو لەمەودوا ''کێشەی  نەبوونی پشکنین و ناڕێکیی کەلوپەلی تاقیگەکانیش لە نەخۆشخانەی حکومییەکان نامێنێت، چونکە بە تەندەر هەمووی لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دابیندەکرێن''.
 
ئیسماعیل حەمە ئاغا، لێپرسراوی تاقیگەی ناوەندیی رانیە کە سەرۆکی سەندیکای بایۆلۆژیی کوردستانە بە رووداوی راگەیاند، تائێستا بڕیارەکەیان بۆ نەهاتووە، بەڵام ''گرنگە کە ئەو بڕیارە نوێیە لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت و نرخەکان بۆ هاونیشتمانییان گران نەکرێن''.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە