زانکۆی کۆڵۆمبیا: شێوازی ژیانی تەندروست تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان کەمدەکاتەوە

رووداو - تەندروستی

زانکۆی کۆڵۆمبیا لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست و چالاکیی جەستەیی کاریگەریان لەسەر کەمکردنەوەی تووشبوون بە هەوکردن و ناڕێکییەکانی کۆئەندامی هەرس هەیە.
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پزیشکیی بەریتانی BMJ بڵاوکراوەتەوە و دەریدەخات، پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست 60٪ مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی ریخۆڵەکان و ناڕێکییەکانی کۆئەندامی هەرس کەمدەکاتەوە.
 
دکتۆر ئیمیلی لۆپێز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ''ئاشکرایە خۆراکیی تەندروست و چالاکیی جەستەیی کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر تەندروستیی سەرجەم ئەندامەکانی جەستە هەیە، ئەم توێژینەوەیە دەیسەلمێنێت کە پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان خۆراک و شێوازی ژیانی تەندروست لەگەڵ تەندروستیی ریخۆڵەکان هەیە.''
 
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، 'خەوی تەندروست، دوورکەوتنەوە لە جگەرە و کهول، خواردنی سەوزە و میوە بەتایبەت خۆراکە ریشاڵییەکان و چالاکیی جەستەیی' مەرجەکانی بوونی شێوازی ژیانی تەندروستن.
 
لە کۆتاییدا دکتۆر ئیمیلی لەبارەی کاریگەریی گوشاری دەروونی لەسەر تەندروستیی ریخۆڵەکان دەڵێت: گوشاری دەروونی جووڵەی ریخۆڵەکان ناڕێکدەکات و  هەرسکردن خاودەکاتەوە، هەروەها دەشڵێت: ''بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستیی کۆئەندامی هەرس و ریخۆڵەکان، با کەمکردنەوەی گوشاری دەروونی مەرجی لەپێشینەبێت.''  
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ئەمریکا بە هەوکردنی ریخۆڵەکانەوە دەناڵێنن، زۆرکات نیشانەکانی هەوکردنەکە تاوەکو قۆناخە پێگەیشتووەکان دەرناکەون، هەروەها ناوەندەکە پێشنیازدەکات، کەسانی بەساڵاچوو ساڵانە پشکنینی تیشکی بۆ کۆئەندامی هەرس بکەن.