رێژەی بەساڵاچووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاستی جیهانی کەمترە

رووداو - تەندروستی

بەدواداچوونێکی رووداو ئاشکرای دەکات، رێژەی بەساڵاچووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق چەندهێندەی ئاستی جیهانی کەمترە.
 
ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێریی گشتیی دەریدەخەن، لە هەرێمی کوردستان کەسانی سەروو 65 ساڵان 4.4٪ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن، لە عێراقیش 3٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، بەڵام بەپێی UN ئاستی جیهانیی ژمارەی دانیشتووان بۆ ژمارەی بەساڵاچووان 10.3٪ـە.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی دێسکی تەندروستیی رووداو، رێژەی بەساڵاچووان {کەسانی سەروو 65 ساڵان} لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەراورد بە رێژەی جیهانیی کەمترە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 25-11-2024 شاگوڵ حەسەن، پسپۆڕی پەرستاریی گەوران و بەساڵاچووان بە رووداوی راگەیاند، پشتگوێخستنی شێوازی ژیانی تەندروست هۆکاری سەرەکییە بۆ تەمەنکورتی و کەمبوونەوەی بەساڵاچووان.
 
شاگوڵ حەسەن دەڵێت: پێویستە لە پەرلەمانی داهاتوو بە یاسا پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست لەلایەن خەڵک و کەرتی گشتیشەوە جێبەجێبکرێت، بەتایبەت سنووردارکردنی جۆری خۆراک و خواردنەوەکان. 
 
لەبارەی وڵاتانی دراوسێوە؛ 
 
بە گوێرەی داتای بانکی ئامارەکانی UN، رێژەی بەساڵاچووان لە تورکیا کە دانیشووانەکەی 85.33 ملیۆن کەسە، نزیکەی 9٪ـە و لە ئێران کە دانیشتووانەکەی 89.17 ملیۆن کەسە، 8٪ـە و لە سووریا کە دانیشتووانەکەی 24.67 ملیۆن کەسە، 4.6٪ـە.