پزیشکێک لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر گرێیەک بەبێ نەشتەرگەری دەردەهێنێت

25-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو تەندروستی 

لە ناوەندی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رزگاری لە هەولێر، بە کرداری هەناوبینین گرێیەکی شێرپەنجەیی لە کۆڵۆنی نەخۆشێکی 50 ساڵان بەبێ ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەردەهێندرێت.
 
پزیشکێکی پسپۆڕی هەناوبینی گەدە و ریخۆڵە بە هاوکاری کارمەندانی تەندروستیی ناوەندی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەکە  کارەکەیان ئەنجامداوە،  توانیویانە خانمێکی تەمەن 50 ساڵ لە گرێیەکی تاڕادەیەک شێرپەنجەیی رزگاربکەن، هاوکات دکتۆر بارزان حوسێن بەرزنجی، پسپۆڕی گەدە و ریخۆڵە رایدەگەیێنێت، لابردنی گرێیەکی گەورەی سێ سانتیمەتری بە هەناوبین بەبێ نەشتەرگەری کارێکی ئاسان نییە، چونکە زیاتر بە نەشتەرگەریی لادەبردرێن. 
 
دکتۆر بارزان حوسێن، کە ئەزموونی 22 ساڵ کارکردنی لەوبوارەدا هەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بۆ بینین و لابردنی زیادە گۆشتی کۆئەندامی هەرس بەتایبەتیش گەدە و ریخۆڵە هەناوبینین گرنگە، بەڵام هەندێک جار لەبەر گەورەیی قەبارەی گرێیەکە نەخۆش پێویستی بە نەشتەرگەریی دەبێت.'' 
 
سەبارەت بە چۆنیەتی هەستکردنی نەخۆشەکە و نیشانەکانی هەبوونی گرێکە، دکتۆر بەرزان دەڵێت: ''نەخۆشەکە کەمخوێنییەکی زۆری هەبوو، خێزانەکەی بەهۆی کەمخوێنیەوە هێنابوویانە نەخۆشخانە.''
 
هەروەها پزیشکە راوێژکارەکەی هەرس و جگەر چەند رێنماییەک لەبارەی حاڵەتەکانی دروستبوونی گرێ باسدەکات و دەڵێت: ''لەکاتی کەمبوونەوەی خوێن، دابەزینی لەناکاوی کێشی جەستە و بینینی خوێن لە پیسایی، بەزووترین کات دەبێت سەردانی پزیسکی پسپۆڕی هەناو بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە لە ئەگەری بوونی هەر مەترسییەکی شێرپەنجەیی، چونکە زۆرجار ئەو حاڵەتانە لە قۆناخە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەوە دروستدەبن، بۆیە دەبێت زوو دەستنیشانبکرێن وهەناوبینینیان بۆ ئەنجامبدرێت.''
 
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر بارزان بەرزنجی گوتی: ''ئەگەر چەند ئەندامێکی خێزانێک مێژووی تووشبوونیان بە شێرپەنجەی کۆڵۆن هەبوو، دەبێت سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە پشکنینی هەناوبینینیان بۆ بکرێت.''
 
رێبوار شێخ محەممەد، بەرێوەبەری کارگێڕی ناوەندی هەرس و جگەر لە نەخۆشخانەی رزگاری بە رووداوی گوت: ''شەش ژوورمان تەرخانکردووە بۆ هەناوبینی بە سەرجەم جۆرەکانییەوە بۆ راگرتنی خوینبەربوونی کۆئەندامی هەرس و دەرهێنانی بەردی زراو بەبێ نەشتەرگەری.'' 
 
هاوکات سەبارەت بە کەمی ئامێری هەناوبین بەرێوەبەری کارگێڕی ناوەندەکە دەڵێت: ''ناوەندەکەمان دووچاری کەمی ئامێرەکانی هەناوبین بووەتەوە، خۆشبەختانە رەزامەندی دراوە بۆ دابینکردنی هەشت ئامێری هەناوبین و بەڵێنیان پێداوین لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بگاتە دەستمان.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوە دانراوە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری: هەڵە دەستنیشانکردن لە 'تای ماڵتا' زۆرە

سەرۆکی بەشی هەناو لە نەخۆشخانەی رزگاری لە هەولێر رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانە و وادەزانن تووشبووی تای ماڵتا ''حومەی ماڵتا''ـن نەخۆشییەکەیان نییە و دەرمانی ناپێویستیان بۆ نەخۆشییەکە وەرگرتووە.