پسپۆڕێک: مانگی 9 و 10 باشترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا

25-10-2023
شکار رێبوار
خانمێک لەکاتی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا. وێنە: رووداو
خانمێک لەکاتی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا. وێنە: رووداو
نیشانەکردن ڤاکسین
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو رایدەگەیێنێت، منداڵ و بەساڵاچووان گرووپی مەترسیدارن بۆ تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا و مانگی 9 و 10 باشترین کاتە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا. 
 
لە بڕگەیەکی مەیدانیدا کە دکتۆر لونا خالید پێشکێشی کرد، د. گۆران محیەدین هەورامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو گوتی، ئێستا ژمارەی تەواو ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا لە 121 بنکە و مەڵبەندی سلێمانی بۆ هاونیشتمانییان بەردەستە. 
 
بە گوتەی د. گۆران هەورامی، 'منداڵان، بەساڵاچووان، تووشبووانی نەخۆشییەکانی شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن، ئەوانەی چاندنی گورچیلەیان بۆکراوە یاخود تووشبووانی شێرپەنجە' لە گرووپە مەترسیدارەکانن بۆ تووشبوون بە پەتای ئەنفلەوەنزا، هەروەها دەڵێت: ساڵانە ڤاکسین وەربگرن تاوەکو لەکاتی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە نیشانەکانیان لاوازبێت، بۆئەوەی نەخۆشییەکە کاریگەرییان لەسەر نەکات.
 
ئەو پسپۆڕەی هەناو لە بارەی منداڵانەوە گوتی، دوای تەمەنی شەش مانگی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا ئاساییە و بە گوێرەی خشتەی تایبەت ئەوانەی کە سەروو شەش مانگن ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت، هاوکات گوتیشی، لەنێوان مانگی 9 و 10 باشترین کاتی وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزایە.
 
لە کۆتاییدا د. گۆران محیەدین دەڵێت: ''کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا زۆر کەمن و دەرکەوتنی کاریگەرییە لاوەکییەکانی ڤاکسین پەیوەستە بە بەرگریی جەستەی کەسەکە''.
 
بە گوتەی د. دینا دڵشاد جاف، بەرپرسی بەشی کوتان لە هەولێر، ئەمساڵ تەندروستیی عێراق زیاتر لە 35 هەزار قورچکی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای بۆ هەولێر ناردووە و بەهەمان شێوە د. دەشنێ شەماڵ، بەڕێوەبەری کوتان لە تەندروستیی سلێمانیش گوتی، 35 هەزار قورچکیان لە حکومەتی عێراقەوە بەدەستگەیشتووە. 
 
د. دەشنێ داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات، ڤاکسینەکە وەربگرن، چونکە هیچ زیانێکی نییە و کوالێتیی هەڵگرتن و پێکهاتەی ڤاکسینەکان ستانداردن.
 
لەکاتێکدا د. فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستن و تەندروستیی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک گوتی، تەندروستیی دهۆک بڕی پێویست لە ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای هەیە و لە پلانیاندا هەیە کە ڤاکسین بە مەڵبەندە تەندروستییەکانی دەوروبەری پارێزگاکەش بدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. زانا دزەیی، پسپۆڕی وردی کۆئەندامی هەناسە.

پسپۆڕێک: هاونیشتمانییان چوار تکام هەیە لێتان!

پسپۆڕێکی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە رایدەگەیێنێت، بەهێزبوونی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان و نەمانی کاریگەرییەکانی ئەو دەرمانانە دژی میکرۆبەکان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و ئەگەر پشتگوێبخرێت، مەترسییەکەی زۆر زیاترە لە کۆرۆنا و شێرپەنجە!