توێژینەوەیەکی جیهانی: لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان کورتبینی هەیە

رووداو - تەندروستی 

توێژینەوەیەکی زانکۆی سون یات سێن لە چین دەریدەخات، لە هەر سێ منداڵ یەکێکیان کورتبینە یاخود ناتوانێت شتەکان لە دوورەوە بە روونی ببینێت.
 
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەدەکات، کەرەنتینەی کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر بینایی چاو هەبووە چونکە منداڵان کاتێکی زیاتریان لەسەر شاشەکان بەسەر دەبرد، بینینی منداڵان بە شێوەیەکی بەردەوام خراپتر دەبێت و رێژەیەکی زۆری منداڵان لە جیهان تووشی کورتبینی بوون. 
 
د. مێیلینگ لو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، ''دەبێت منداڵان کەمترین کات بە سەیرکردنی شاشە بەسەرببەن بۆ ئەوەی تووشیی کورتبینی نەبن''. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، کورتبینی نیگەرانییەکی تەندروستیی جیهانییە، لە گەشەکردندایە و تا ساڵی 2050 کاریگەری لەسەر ملیۆنان منداڵی دیکە دەبێت.
 
بەگوێرەی مایۆکلینیک، کورتبینی لە ساڵانی خوێندنی سەرەتایی بەهۆی گرژبوونی ماسولکەکانی چاو دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی تەمەنی گەشەکردن بەرەوخراپتر دەڕوات. نیشانەکانی کورتبینی لە منداڵان ئەمانەن؛
 
- بە ئەستەم خوێندنەوەی وشەکان لە دوورەوە
- دانیشتن لە نزیک تەلەڤزیۆن یاخود گرتنی مۆبایل لە نزیک دەموچاو
- تووشبوون بە سەرئێشە
- زۆر رشتنی فرمێسک