راگرایەتیی کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانی: زۆریی ژمارەی دەرچووان کێشەی سەرەکیمانە

رووداو - تەندروستی 

یاریدەدەری راگری کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانی ئاشکرای دەکات، زۆریی ژمارەی دەرچووانی کۆلێژەکە کێشەی سەرەکییانە و دەڵێت: ئەوە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی هەلی کار دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024 د. راز محەممەد، یاریدەدەری راگری کۆلێژی دەرمانسازی لە سلێمانییەوە بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2016ـەوە لە کەرتی حکومی هیچ دەرچوویەکی دەرمانسازیی زانکۆی سلێمانی دانەمەزراون. 
 
د. راز محەممەد، یاریدەدەری راگری کۆلێژی دەرمانسازی دەڵێت: دەرمانسازان هەمیشە رۆڵی پڕ بایەخیان هەبووە لە رێنوێنیکردنی نەخۆش و چارەخوازان بۆ بەکارهێنانی دەرمان و مادە کیمیاییەکان، تەنانەت ئەوەشی گوت، زۆر بواری دیکە هەن کە دەشێت دەرمانسازان خۆیانی تێدا ببینەوە وەکو 'کارکردن لە دەرمانسازی دادوەری، پیشەسازیی دەرمان، دەرمانسازیی پزیشکی و چەندانی دیکە'.
 
بەگوتەی د. راز محەممەد، تاوەکو ئێستا یاسایەک بۆ رێکخستنەوەی دەرفەت و شێوازی کارکردنی دەرچووانی دەرمانسازی لە هەرێمی کوردستان رێکنەخراوە، ''هەر ئەمەشە وایکردووە کە هەلی کاریان کەمببێتەوە و لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا کاریان بۆ بڕەخسێت''.
 
لەبارەی وەرگرتنی ئەمساڵی قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12، د. راز محەممەد رایدەگەیێنێت، پێویستیان بە وەرگرتنی 50 خوێندکار هەیە، بەڵام بەهۆی زۆریی خواست لەسەر کۆلێژەکە پێشبینیدەکرێت ژمارەی وەرگیراوان دوو ئەوەندە زیاتر بێت.

تەنانەت ئەوەش باسدەکات کە ساڵانە زۆر زیاتر لە رێژەی پێویست خوێندکار وەردەگرن.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆلێژی دەرمانسازیی زانکۆی هەولێری پزیشکی، ژمارەی دەرچووانی ساڵانی 2015 بۆ 2016 تاوەکو دەرچووانی ساڵانی 2023 بۆ 2024 نزیکەی 880 دەرچوویان هەبووە، هاوکات لە دهۆک لەماوەی هەشت ساڵدا 464 دەرچوو و لە سلێمانیش 860 دەرچوو هەن.